رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەردەوامن لە گفتوگۆ بۆ ئەوەی هەرچی زووترە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو.
حکومەت رایگەیاند، "بڕیارە لە سەرەتای حەفتەی داهاتووش، شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق ، بەیەکەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم".
حکومەت دەڵێت، بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی گشتی گەیشتووە، بۆیە "لە کۆبوونەوەدا رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ شاندی دانووستانکار دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جدیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە رێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی".
لە سەرەتای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، باسی ژینگەی هەرێمی کوردستان کرا و مەسرور بارزانی رایگەیاند: "پێویستە هەموو رۆژێک رۆژی پاراستنی ژینگە بێت و دەبێ هەموو هەوڵێک لە پێناو پەرەپێدانی کولتووری ژینگەپارێزی بخەینەگەڕ."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیکردووەتەوە کە ژینگەی کوردستان پێویستە هەمووان بیپارێزن، چونکە بە تەنیا موڵکی ئەوان نییە بەڵکو موڵکی نەوەکانی داهاتووشە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە برگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2025-2021) لەلایەن دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو. کە پلانەکە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرابوو.
لە راپۆرتەکەدا دیندار زێباری بە "داتا و زانیاریی وردەوە"، ئاماژەی بە رێکارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و ئازادی راگەیاندن و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان "زانیاری پێویستی لەبارەی کار و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم[ـی کوردستان] تایبەت بە باشترکردنی دۆخی چاکسازیی و بەندیخانەکان و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ خستەڕوو."
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تایبەت بوو بە "وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە" لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ دوایین هەوڵەکان بۆ ئەو بابەتە روونکرایەوە.
بەگوێرەی حکومەت، "ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیران و گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و کۆبوونەوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ و ئەنجوومەنی ئابووریی فیدڕاڵ بەرز نرخاند."
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا چەند پێشنیازێکی خستەڕوو و وەزیرانی کشتوکاڵ و بازرگانی راسپارد کاری پێویستی بۆ بکەن، کە لە "بەرژەوەندیی" جووتیارانی هەرێمی کوردستان بێت.



