رووداو دیجیتاڵ
شەقامەکانی پەکین بە درووشمەکانی کۆڕبەندی چین و ئەفریقا داپۆشراون؛ هێمایەک بۆ گرنگیی ئەو کۆڕبەندە بۆ حکومەتی چین.
بەرپرسانی چین کۆڕبەندەکە بە گرنگترین کۆڕبەندی دوای نەمانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ناودەبەن.
تانگ شیاویانگ، مامۆستای زانکۆ دەڵێ "پێش 2020، واتا پێش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، ئاراستەی کۆڕبەندەکانی چین و ئەفریقا وەک یەک بوون. بۆ نموونە، گرنگی بە پەرەپێدانی ژێرخان و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی دەدرا، بەڵام ئێستا خەڵک خوازیاری گۆڕانکارین لە ئاراستەی کۆڕبەندەکە. سەرهەڵدانی شۆڕشی دیجیتاڵ و وزە نوێبووەکان، دەکرێت ببنە ئاراستەیەکی نوێ."
53 سەرکردەی وڵاتانی ئەفریقا لە رۆژانی 4 تاوەکو 6ـی ئەم مانگە، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی وڵاتەکانیان لەگەڵ چین تاوتوێ دەکەن.
چین، گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی یەکێتیی ئەفریقایە و لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان 167.8 ملیار دۆلار بووە.
کیشوەری ئەفریقا بەشێکە لە پڕۆژەی (یەک پشتێنە یەک رێگە)ـی چین. وڵاتە ئەفریقییەکان بەبڕی 696 ملیار دۆلار قەرزیان لە چین وەرگرتووە.
ئۆڤیگوێ ئیگویگۆ، لێکۆڵەر لە بواری کاروباری ئەفریقا دەڵێ "وڵاتە ئەفریقییەکان دەستی باڵایان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین نییە. هەندێ وڵاتی ئەفریقی پێیانوایە دەکرێت پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا پەرەپێبدەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین هاوسەنگ بکەن. ئەمەش لە بنەڕەتدا زۆر ئەستەمە. کەم وڵاتی ئەفریقی هەن ئەمەیان کردبێت."
چین و وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر بەدەستهێنانی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەفریقا، وەک کانزاکانی کۆباڵت، لیسیۆم لە رکابەرییەکی تووندان.
ئەفریقا خاوەنی 37٪ـی هەموو کانە فلزییەکانی جیهانە و 70٪ـی هەموو فلزی کۆباڵت، لە کۆماری کۆنگۆیە.
قەبارەی ئابووریی ئەفریقا بە سێ تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، لەبەرامبەردا چین، دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە و خاوەنی ئابوورییەکی 20 تریلیۆن دۆلارییە.


