رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەندێک لە زیانەکانی رۆژی رابردووی خۆی قەرەبووکردەوە.
سعودیە نرخی نەوتی خۆی بۆ رادەستکردنی لە مانگی 3 بەرزکردووەتەوە و ئەوەش وەرچەرخانێکی لە بازاڕی نەوتدا دروستکردووە، دوای ئەوەی بەدرێژایی ئەم هەفتەیە نرخی نەوت بەردەوام لە دابەزیندا بوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 18 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
کۆمپانیای ئارامکۆ رایگەیاند، نرخی نەوتی خۆی کە لە مانگی داهاتوودا رادەستی کڕیاران دەکات، بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە لەبەر ئەوەی گەمارۆکانی سەر نەوتی رووسیا خواستی بۆ نەوتی وڵاتەکەی لەلایەن هیندستان و چین بەرزکردووەتەوە.
بە تەنیا لە رۆژی چوارشەممە، نرخەکانی نەوت بەڕیژەی 2٪ دابەزین بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG)، رایگەیاند، "جگە لە بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لەلایەن سعودیەوە، وەکو نەریت دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 68 تاوەکو 70 دۆلار، هەندێ خواست بۆ کڕینەوەی دروستدەکات، لەبەر ئەوەی ئەو نرخانە زۆر نزمن."



