رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگیی بەسەر بەرهەمی ئاسن و ئەلەمینیۆمی هاوردەکراو دا سەپاند، بازرگانانی نەوت بە وریاییەوە مامەڵەکانیان دەکەن.
نرخی نەوت ئەمڕۆ (سێشەممە، 11-2-2025) لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەجۆرێک نرخی بەرمیلی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 11 سەنت بەرزبووەوە و، گەیشتە 75 دۆلار و 98 سەنت.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 5 سەنت بەرزبووەوە و بە 72 دۆلار و 37 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بەپێی شرۆڤەکاران؛ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمی هاوردەکراوی ئاسن و ئەلەمینیۆم، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی شەڕی بازرگانی و بە ئەگەری زۆرەوە خواست بۆ نەوت کەمدەکاتەوە.
پێناسە گومرگییە نوێیەکان دەتوانن کێشە بۆ هاوردەکردنی ملیۆنان تۆن ئاسن و ئەلەمینیۆم دروستبکەن کە ساڵانە لە کەنەدا، بەرازیل، مەکسیک و کۆریای باشوورەوە هەناردەی ئەمریکا دەکرێن.



