رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ دووشەممە 25 سەنت دابەزی و بە 65 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 21 سەنت دابەزی و بە 61 دۆلار و 67 سەنت کڕین و فرۆشتنی پێوەکرا.
بازاڕی نەوت چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تارانە لەسەر بابەتی ئەتۆمیی ئێران.
بازرگانانی نەوت هەروەها چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی چین دەکەن بۆ ئەوەی بزانن خواستی گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا چۆن گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیوە.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس بە رێژەی 1٪ بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی چین و ئەمریکا لەسەر هەڵپەساردنی پێناسە گومرکییەکانی نێوانیان رێککەوتن.
ئەمڕۆ دووشەممە داتای نوێی ئابووری چین بڵاودەبێتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دادەنێت.
ناڕوونییەکانی پەیوەست بە دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا لە دانوستاندنەکان لە لێدوانێکی نوێیدا داوای کردووە ئێران مافی پیتاندنی هیچ بڕە یورانیۆمێکی نەبێت، بەڵام بەپرسانی ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە دەستبەرداری پیتاندنی یورانیۆم نابن.
لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ABC ، ویتکۆف رایگەیاندووە رازی بە پیداندنی 1٪ـی یورانیۆمیش لەلایەن ئێرانەوە نابن.



