رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری زنجیرە مارکێتێک دەڵێت، دابەشنەکردنی مووچە وایکردووە هاونیشتمانییان تەنیا پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانە بکڕن. نرخەکانیش بەهۆی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی، زۆر دابەزیون.
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێریش دەڵێت، نرخی ئاژەڵ تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا بەرزبووەتەوە، بەڵام خواست لەسەری زۆر کەمە.
"هەندێک کاڵا تاوەکو 50٪ کەمبوونەتەوە"
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، بەراورد بە پێش جەژنی پار، ئەم ساڵ زۆربەی خۆراکە سەرەکییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیون:

محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت دەڵێت، وامان دانابوو مووچە دابەش دەکرێت، بۆیە داشکانێکی گەورەمان کرد، بەڵام بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە ئامانجەکەمان نەپێکا.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە، خەڵک تەنیا ئەو کاڵایانەی کڕی کە پێویستیی سەرەکیی رۆژانەیە. ئەمەش وا دەکات مارکێتەکان زەرەر بکەن.
بەڕێوەبەری زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت گوتیشی، بەهۆی ئەوەی لەمدواییانەدا بازرگانێکی زۆر سوودمەند بوون لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندیی عێراق، نرخی کاڵاکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون بەراورد بە ساڵانی رابردوو.
ئەو قسانەی محەممەد ئیسماعیل، لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە.
محەممەد ئیسماعیل دەڵێت، رێکارە بازرگانییەکانی حکومەتی عێراق لە داواکردنی کۆد و سێلی گومرگی، کاریگەریی زۆری لەسەر کاڵای هاوردەی تورکی هەیە، چونکە لە تورکیاوە یەک دەروازە هەیە کە ئیبراهیم خەلیلە، خەڵکێکی زۆریش کە کاڵا لەو وڵاتەوە دەهێنن، کۆگای گەورەیان کردووەتەوە، بۆیە ئێستا ناتوانن لە شوێنی دیکە کۆگا بکەنەوە و کاریگەریی گەورەیان دەکەوێتە سەر.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، کاریگەرییەکی گەورەی ئەو رێکارانە ئەوەیە کە 'زنجیرەی هاوردە و تێكڕای فرۆش' تێکدەدات و بازرگان نازانێت چەندی دیکە هاوردە بکات.
گوتیشی، بۆ نموونە لە لقەکانی زنجیرە مارکێتەکانمان لە موسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەشێک لە کاڵا تورکییەکان 40٪ تاوەکو 50٪ کەمبوونەتەوە.
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم کورتهێنانە لە کاڵای تورکی، وایکردووە بازرگانان بەدوای جێگرەوەیاندا بگەڕێن لە وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی لە ئێران کە ئێستا بەوهۆیەوە کاڵای ئێرانی زۆر زیاتر بووە.
محەممەد ئیسماعیل هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، داهاتی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە، چونکە ئەو وڵاتانەی کاڵاکانیان دەبنە جێگرەوەی کاڵای تورکی، سنووری هاوبەشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق نییە.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، لێکەوتەیەکی دیکە ئەوەیە کە بازرگانانی هاوردەکاری کاڵای تورکی ناچار دەبن وەکالەتەکانیان بدەنە کەسانی دیکە.
ناونووسین بۆ قوربانیکردن 96٪ کەمبووە
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا کڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانی کەمترە بەراورد بە ساڵانی رابردوو. هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر دەڵێت، دواکەوتنی مووچە هۆکاری سەرەکیی ئەمەیە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، هۆکاری دووەمی کەمبوونەوەکە پەیوەستە بە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، بەتایبەتیش کە دوێنێ چوارشەممە حاڵەتێکی دیکە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تۆمارکرا، ئەوەش ترسی خەڵکی لە نەخۆشییەکە نوێکردەوە.
لەبارەی نرخەکانەوە گوتی، لە دوو رۆژی رابردوودا کەمێک بەرزبوونەوە. پێش ئەو دوو رۆژە، نرخی ئاژەڵێکی گەورە 200 بۆ 300 هەزار دینار کەمتر بوو بەراورد بە ساڵی رابردوو.
هەڵمەت هەمزە دەڵێت، پێش هەفتەیەک، نرخی کیلۆیەک ئاژەڵی زیندەقەپان [گەورە و بچووک] کە بۆ قوربانی شیاو بێت، لە 7 هەزار دینار تێپەڕی نەدەکرد، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا لانیکەم 7750 بۆ 8000 دینار بوو.
ئەو قسانەی هەڵمەت هەمزە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، هەرچەندە لە دوو رۆژی رابردوودا دابەشنەکردنی مووچە پێش جەژن یەکلایی بووەوە و حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا و دەبوو نرخی ئاژەڵ دابەزێت، بەڵام رۆژانی رابردوو خەڵکێکی زۆر ئاژەڵی بە کۆ کڕیوە و کۆنترۆڵی نرخەکانیان کردووە.
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر باسی لەوە کرد، پار لە رۆژانی پێش جەژن، 570 کەس ناویان نووسیبوو بۆ ئەوەی لە رۆژانی جەژن لە سەربڕخانەکە قوربانی بکەن، بەڵام ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا [بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە] تەنیا 19 کەس ناویان نووسیوە.
گوتیشی، بابەتی دیکە هەن کە هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک کەمتر لە سەربڕخانە قوربانی بکەن؛ راستە دابەشنەکردنی مووچە کاریگەریی هەیە، بەڵام هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی سەربڕخانەکان قوربانی دەکەن.
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەوان بۆ قوربانیکردن کۆمەڵێک رێکاریان هەیە، لەوانە رێکاری تەندروستی دەگیرێتە بەر و داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن دەستکێش و دەمامک بپۆشن، هەروەها جلوبەرگی تایبەت بپۆشرێت و رێگە نادرێت زیاتر لە دوو کەسیش بۆ یەک قوربانی بێن. ئەمانە زۆر جار وادەکات خەڵک کەمتر قوربانییەکانیان لە سەربڕخانە بکەن.
گوتیشی، ئەگەر ئاژەڵێک لە پشکنینی تەندروستی دەرنەچێت، نایکەنە قوربانی و دەیدەنەوە خاوەنەکەی بۆ ئەوەی زەرەر نەکات و چارەسەری بکات. بەڵام ئەگەر ئاژەڵێک لە پشکنینەکان دەرچوو و دواتر دوای سەربڕینی دەرکەوت گۆشتەکە تەندروست نییە، هیچ قەرەبوویەکی خاوەن ئاژەڵەکە ناکرێت و گۆشتەکە لەنێودەبرێت، چونکە بۆ ئەوان بۆ گرنگترین شت پاراستنی تەندروستیی گشتییە.
.webp&w=3840&q=75)

