رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت درێژەی دا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی کە بە رێژەی 4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 19 سەنتی دیکە بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 76 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی شرۆڤەکاران، بە ئەگەری زۆرەوە ئەمریکا راستەوخۆ تێوەدەگلێت لە شەڕی ئیسرائیل لەدژی ئێران، بەتایبەتی دوای ئەوەی باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا رۆژی رابردوو رایگەیاند، سوپرایزی گەورە لە شەوی پێنجشەممە یان رۆژی هەینی بەڕێوەیە.
هەندێ سەرچاوەی دیکە ئاماژە بەوە دەدەن ئەمریکا رازی بووە لە بەئامانجکردنی بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ)، یارمەتیی ئیسرائیل بدات.
لەلایەکی دیکەوە دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە کەنداو پێکیان داداوە و کۆمپانیایەکی چاودێریی جووڵەی کەشتییە نەوتییەکان رایگەیاندووە تێکەڵبوونی سیستمی گەیاندن و ئەلیکترۆنیی پەیوەندییە دەریاییەکان، بووەتە هۆکاری پێکدادانی دوو کەشتییەکە کە گڕگرتنی کەشتییەکانی لێکەوتووەتەوە.
ئێران سێیەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی نێو رێکخراوی ئۆپێکە و رۆژانە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
تووندبوونەوەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ئەگەری داخستنی گەرووی هورموز لەلایەن ئێرانەوە، بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.


