رووداو دیجیتاڵ
دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، وردە وردە جموجوڵ دەگەڕێتەوە بۆ دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام کاریگەرییە نەرێنییەکانی گرژییەکان هێشتا بەسەر جووڵەی بازرگانییەوە دیارە و نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
حاجی ئۆمەران؛ بێ مووچەییش بازاڕی سست کردووە. ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە دەروازەی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل-ئێران بۆ ماوەی سێ رۆژ، جمووڵەی بازرگانی لەو دەروازەیە 50% دابەزیوە.
پەیامنێری رووداو گوتی، پێشتر رۆژانە 300 بۆ 350 بارهەڵگر لە ئێرانەوە دەهاتن، بەڵام لە کاتی جەنگدا بۆ 50 بۆ 100 بارهەڵگر کەمبووەوە.
بە گوتەی ئەندام جەبار، سستیی بازاڕی حاجی ئۆمەران تەنیا پەیوەست نییە بە کاریگەریی شەڕە 12 رۆژییەکەی ئێران و ئیسرائیل، بەڵکو دوو هۆکاری دیکەی سەرەکیشی هەیە؛ یەکەمیان نەبوونی خواستە لە بازاڕەکانی کوردستان بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە. بازرگانێک بە ئەندام جەباری راگەیاندووە، "دەتوانین هەر کاتێک بمانەوێت کاشی بهێنین، بەڵام خواستی لەسەر نییە".
هۆکاری دووەمیش ئەوەیە باج و گومرگ لەو دەروازەیە بەراورد بە دەروازەکانی دیکە زیاترە، بۆیە بەشێک لە بازرگانان روویان لە دەروازەکانی دیکە کردووە.
وەک ئەندام جەبار گوتی، دیمەنی دەروازەکە ئێستاش چۆڵە و ئەمڕۆ تەنیا 15 ئۆتۆمبێل ناویان نووسراوە بۆ هێنانی بار، لە کاتێکدا پێشتر رێزی دوورودرێژی بارهەڵگرەکان دەبینرا.
ئیبراهیم خەلیل؛ جموجۆڵی بازرگانی 5% کەمیکردووە
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند، بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە جموجوڵی گەشتیاران زیادی کردبوو، بەڵام جمووجوڵی بازرگانی بە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، لە ساڵی 2024دا ملیۆنێک و 763 هەزار و 588 بارهەڵگر لەم دەروازەیەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، کە بە بەراورد بە ساڵی 2023 رێژەی 5% کەمیکردووە.
پسپۆڕانی ئابووری دەڵێن ئەمساڵ جمووجوڵی بازرگانی لە ئیبراهیم خەلیل سست بووە و رۆژانە 2 هەزار بۆ 3 هەزار بارهەڵگر کاڵا لە دەروازەکە هاوردە دەکەن. پێشتر ژمارەکە 4 بۆ 5 هەزار بارهەڵگر بوو.
پەروێزخان؛ جموجۆڵ دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام خاوە
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە دەروازەی پەروێزخانەوە رایگەیاند، جمووجوڵ بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.
لە کاتی شەڕدا رۆژانە تەنیا 150 بارهەڵگر هاتوچۆیان دەکرد، بەڵام دوێنێ ژمارەکە بۆ 260 بارهەڵگر بەرزبووەتەوە.
پەیامنێری رووداو گوتیشی، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ بگاتە 300. کارمەندانی دەروازەکە مەزەندەی ئەوە دەکەن ژمارەکە زیاتر بەرزببێتەوە.
هونەر حەمید ئاماژەی بەوەشکرد، گواستنەوەی قیر و نەوت کە پێشتر بە تەنکەر بوو، ئێستا بە شێوازی "فلات" و بەرمیل دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەی جیاوازیی پێناسی گومرگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم بازرگانان.
باشماخ؛ شوفێران گیریان خواردووە و چاوەڕێی ئێرانن
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە مەرزی باشماخ رایگەیاند، هەرچەندە جمووجوڵ ئاسایی بووەتەوە، بەڵام شوفێرانی بارهەڵگر گیریان خواردووە.
شۆفێرێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی گوت، "ماوەی پێنج شەش رۆژە لێرە ماوینەتەوە، چونکە دیوی ئێران بەهۆی شەڕەوە پشکنینەکانی خاو کردووەتەوە و رۆژانە تەنیا 30-40 ئۆتۆمبێل بەڕێ دەکات". شۆفێرانی دیکەش داوا دەکەن کە رێکارەکان لەلایەنی ئێرانەوە خێراتر بکرێن.
بە گوتەی پێشەوا بەختیار، زۆربەی ئەو بارانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران دەچن، قیڕ و نەوتە کە وەک ترانزێت بۆ وڵاتانی دوبەی، ھیندستان و چەند وڵاتێکی دیکە دەنێردرێن.
هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بەهای 500 تاوەکو 600 ملیۆن دۆلار کاڵا و شتومەک هەناردەی ئێران دەکات، کە رۆژانە دەکاتە نزیکەی 1.6 ملیۆن دۆلار.
فڕۆکەخانەی کەرکووک هێشتا چاوەڕێی خشتەی گەشتەکانە
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، ماوەی 13 رۆژە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک بەهۆی گرژییەکانەوە داخراوە. هەرچەندە بڕیار بوو بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گەشتێک ئەنجام نەدراوە. بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە دەڵێن، "چاوەڕێی حکومەتی عێراقین بۆ ئەوەی خشتەی گەشتەکانمان بۆ بنێرێت."
پێشبینی دەکرێت دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ، گەشتەکانی کەرکووکیش دەستپێبکەنەوە. ئەو فڕۆکەخانەیە پێشتر هەفتانە نزیکەی 9 گەشتی بۆ تورکیا، سعودیە، بەحرێن و ئەبوزەبی هەبوو.
لەنێوان عێراق و ئێران بە درێژایی سنوورە هاوبەشەکەیان، 16 دەروازەی فەرمیی سەرەکی هەیە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێدا دەکرێت.


