رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە زیاتر دابەزی و یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 32 سەنت لە بەهای خۆی لەدەستدا و بەرمیلێکی بە 65 دۆلار و 53 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 23 سەنتی لێبووەوە و بە 62 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بەپێی شرۆڤەکاران، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەمریکا گوشاری زۆری لە رووسیا نەکردووە بۆ ئەوەی جەنگی ئۆکراینا بووەستێنێت.
بازرگانانی نەوت وایاندەزانی دۆناڵد ترەمپ گوشار لە پووتین دەکات رازی بە ئاگربەست و سزای زیاتر بەسەر نەوتی ئەو وڵاتە دەسەپێنێت، بەڵام ئەو رووینەدا و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە بەشێک لە سەرکردەکانی ئەورووپا بەشداریی کۆبوونەوەی ترەمپ و زیلینکسی بکەن لە واشنتن.
حەلیمە کرافت، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاری (ئار بی سی کاپیتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازرگانانی نەوت چاوەڕێی ئەوە بوون ئەگەر پووتین بە ئاگربەست رازی نەبێت، ئەمریکا لانیکەم پێناسی گومرکی 100٪ بسەپێنێت بەسەر ئەو وڵاتانەی کە نەوت لە رووسیاوە هاوردە دەکەن."
ئۆکراینا و هەندێک لە سەرکردەکانی ئەورووپا دژی ئەو پێشنیازەن کە کیێڤ بۆ ئاگربەست ناچار بکرێت بەشێک لە خاکەکەی بداتە رووسیا.



