رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ سەرەتا دابەزی بۆ نزیکەی 3627 دۆلار، بەڵام دوای چەند کاژێرێک زیانەکانی قەرەبووکردەوە و ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر.
ئێستا هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 3646 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت. هەفتەی رابردوو نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە ئاستێکی نوێی مێژوویی و 3673 دۆلاریشی دەربازکرد.
سەبارەت بە دابەزینی نرخی زێڕ لە کاژێرە سەرەتاییەکانی کردنەوەی بازاڕ، تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) دەڵێت، "نرخی زێڕ لە ئاستە بەرزەکانی مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەوەش بووەتە هۆکار هەندێ لە بازرگانان بۆ کۆکردنەوەی قازانج، دەست بە فرۆشتنی زێڕ بکەن."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، بەرزیی نرخی زێڕ بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەک و تاوەکو ئەو کاتەی سوودی بانکی رادەگەیێندرێت، نرخی زێڕ لە بازنەیەکی سنووردار دا مامەڵەی پێوەبکرێت.
بەربوونەوەی هەڵاوسان لە مانگی 8 لە ئەمریکا کە هەفتەی رابردوو لەدوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی وەزارەتی کار دەرکەوت، گومانی دروستکردووە بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە سوودی بانکی بەڕێژەی 0.5٪ دابەزێنێت.
سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا بووە هۆکار کە هەندێ لە شرۆڤەکاران چاوەڕوانی کەمکردنەوەی 0.5٪ـی لە سوودی بانکی بکەن، بەڵام بەرزبوونەوەی هەڵاوسان ئەو پێشبینییانەی کاڵ کردووەتەوە.
کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان.
نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی ناوخۆ:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=768,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=733,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=628,000


