رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار دوای 14 ساڵ نرخی زیو 43 دۆلاری تێپەڕاند.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لەکاتی داخرانی بازاڕە داراییەکانی جیهان، نرخی زیو 1.26 دۆلار، یاخود 3٪ بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی گەیشتە 43.08 دۆلار.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە لەدوای ئەیلوولی 2011ـەوە؛ واتە لە 14 ساڵی رابردوودا.
بەم پێیە، ئێستا نرخی کیلۆیەک زیو 1,384.70 دۆلارە. لە یەک مانگی رابردووشدا نزیکەی 6 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک گرانبووە و لە 37.84 دۆلارەوە گەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئەمڕۆ.
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە نرخی ئۆنسەیەک زیو بۆ 41.27 دۆلار دابەزیبوو، بەڵام بەخێرایی ئاراستەکەی پێچەوانە کردەوە و زیانەکانی قەرەبوو کردەوە.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە لایەن بانکە ناوەندییە گەورەکانی جیهان، بەتایبەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زیو. هۆکارێکی دیکەش زیادبوونی خواستی پیشەسازییە.
رۆژی چوارشەممە، 18-9-2025 بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی 25 خاڵی بنەڕەتی کەمکردەوە. پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ دوو جاری دیکە رێژەکە کەمبکاتەوە.
رۆژێك پێشتر، بانکی ناوەندیی کەنەداش بە هەمان بڕ رێژەی سوودی کەمکردبووەوە.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود خواستی لەسەر زیو زیادکردووە وەک پەناگەیەکی ئارام.
لە ڕووی پیشەسازییەوە، خواستێکی بەهێز لەسەر زیو هەیە لە بواری وزەی خۆر، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە کورتهێنان لە بەرهەمهێنانی ئەم کانزایە هەیە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی.



