رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 1٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
بازرگانانی نەوت هیوادارن کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم مانگەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین بتوانێت کێشەی ئەو دوو وڵاتە لەسەر هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان چارەسەر بکات.
نرخی نەوت کە هەفتەی رابردوو دابەزی بۆ نزیکەی کەمترین ئاستی لە ماوەی 5 مانگی رابردوودا، ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا بڕێک لە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 87 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 63 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 59 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای تووندبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوەکەی کۆتایی ئەم مانگەی لەگەڵ سەرۆکی چین هەڵنەپەساردووە و ئەگەری هەیە لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو دوو وڵاتە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.



