رووداو دیجیتاڵ
دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەندەرێکی رووسیا کە بەهۆی هێرشی درۆنی ئۆکراینا کێشەی تێکەوتبوو، ئەمرۆ سێشەممە نرخەکانی نەوتی زیاتر دابەزاند.
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 28 سەنت دابەزی و بە 63 دۆلار و 92 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 26 سەنت دابەزی و بە 59 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەندەری ( نۆڤۆرۆسیک) کە بەهۆی هێرشی درۆنی ئۆکراینا پەکی کەوتبوو لە دوێنێوە دەستیپێکردووەتەوە.
رۆژانە نزیکەی 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رووسیا لەو بەندەرەوە بەندەرەکانی نزیکی، هەناردە دەکرێت.
بازرگانانی نەوت چاوەڕوان دەکەن بزانن کاریگەری سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیای رووسنەفت و لوک ئۆیل لەسەر نرخەکانی نەوت چۆن رەنگدەداتەوە.
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، سزاکان پێشتر بوونەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی رووسیا، بەڵام ناوەندەکانی وزە و رێکخراوی ئۆپێک هۆشدارییان داوە لە هەبوونی نەوتی زیادە لە بازاڕەکاندا لە ساڵی داهاتوو و ئەوەش گوشاری لەسەر نرخەکان داناوە.



