رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رۆژی چوارشەممە زیاتر بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی توانی بگاتە 4160 دۆلار.
بڵاوبوونەوەی ئاماری نوێ لەسەر ئابووریی ئەمریکا، ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا زیاتر کردووە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.8٪ بەرزبووەوە و 4160 دۆلاریشی تێپەڕاند.
بەپێی ئەو داتایانەی کە دوێنێ بڵاوبوونەوە، کەرتی وردەفرۆشی لە ئەمریکا کەمتر لە ئاستی پێشبینییەکان بەرزبوونەتەوە.
نرخەکانی کۆفرۆشی لە مانگی رابردووشدا بەرزبوونەوەیەکی ئەوتۆیان بە خۆوە نەبینیوە.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "چاوەڕوانییەکان ئێستا بەرەو لای کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی دوازدەدا گۆڕدراون."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "لێدوانەکانی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکاش ئاماژە بە ئەگەری زیاتر کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا دەکەن."
ئێستا بازرگانان بەڕێژەی 84٪ چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی دادەنێن.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە نرخی دۆلار کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کانزاکان.



