رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رۆژی هەینی بە رێژەی 1.4٪ بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 4,237 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندyی ئەمریکاوە زیادبووەوە. ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
نرخی زیویش گەیشتووەتە ئاستێکی نوێی پێوانەیی.
لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی زێڕ بە رێژەی 3.6٪ بەرزبووەتەوە و لە ماوەی یەک مانگیشدا بە رێژەی 5.2٪ بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.
بەوپێیەش نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار مانگی یەک لە دوای یەکە کە بەرزدەبێتەوە.
نرخی زیو بەهەمان شێوە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆی بینیوە و ئۆنسەیەکی رۆژی هەینی بە رێژەی 6.1٪ بەرزبووەوە و بە 56 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە ماوەی یەک مانگدا نرخی زیو بە رێژەی 16.6٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەرزبووەتەوە بۆ 4,254 دۆلار.
بارت مەلەک، سەرۆکی بەشی کاڵاو کانزاکان لە کۆمپانیای راوێژکاری ( تی دی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "پێشبینیەکان ئەوەیە کە ئابووری بەرەو سستبوونەوە دەڕوات و بانکی ناوەندیش سوودی بانکی کەمدەکاتەوە و ئەمەش خواستی بۆ کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە."
لەو کاتانەی کە رێژەی سوودی بانکی لە ئاستێکی نزمدایە، نرخی زێر ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوە دەگۆڕدرێت.



