رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی بیتکۆین چوار هەزار و 329 دۆلار دابەزی و بە 85 هەزار و 980 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە نرخی بیتکۆین گەیشتبووە 92 هەزار و 900 دۆلار.
نرخی ئیسریەمیش کە دووەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵییە، 170 دۆلار دابەزی و بە 2819 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەم پێیە تەنیا ئەمڕۆ نرخی بیتکۆین 4.80٪ و، نرخی ئیسریەمیش 5.81٪ دابەزیون.
بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان هێشتا لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە، ئەمەش دوای شەپۆلێکی فرۆشتن کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە، ئەوەش کاتێک کە مامەڵەکانی کڕین بە قەرز 'لاڤرج' بە بەهای 19 ملیار دۆلار هەڵوەشێندرانەوە و لەدەستچوون.
بەهۆی دابەزینەکەی ئەمڕۆشەوە، 200 ملیۆن دۆلاری دیکەی بازرگانان لەدەستچووە و زیانیان کردووە.
دوای شەپۆلە نوێیەکەی فرۆشتن لە رۆژی دووشەممەدا، بازرگانان پێشبینیی دابەزینی زیاتر دەکەن. شۆن ماکنۆڵتی، بەرپرسی بەشی مامەڵەکانی ئاسیا لە دامەزراوەی "ڤولکان ئێکس" رایگەیاند: "ئەمە سەرەتای 'دوورکەوتنەوەیە لە مەترسی' لە مانگی کانوونی یەکەمدا."
ماکنۆڵتی ئاماژەی بەوەشکرد، گەورەترین سەرچاوەی نیگەرانی بریتییە لە لاوازیی وەبەرهێنان و هاتنەناوەوەی پارە بۆ سندووقەکانی بیتکۆین و نەبوونی کڕیار لە کاتی دابەزینی نرخدا. گوتیشی: "چاودێریی ئاستی 80 هەزار دۆلار بۆ بیتکۆین دەکەین وەکو خاڵی پاڵپشتیی سەرەکیی داهاتوو."
لە لایەکی دیکەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە ئاماژەی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئەمریکا دەربکەون، هەفتەی داهاتووش بانکی ناوەندیی وڵاتەکە بڕیار لەبارەی رێژەی سوودەوە دەدات.


