رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 111 دۆلار بەرزبووەوە و بە 5108 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە مامەڵەکانی ئایندەشدا 83 دۆلار بەرزبووەوە و بە 5080 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، بەپێی ئەم نرخەی ئێستای ئۆنسە، ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕ زیاتر لە 20 هەزار دینار بەرزدەبێتەوە؛ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار دینار.
رۆژی پێنجشەممە مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 83 هەزار دینار بووە.
داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا، دۆخی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و بڕیاری دادگەی باڵای ئەمریکا لەبارەی پێناسە گومرگییەکانی وڵاتەکە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
ئێوارەی دوێنێ دادگەی باڵای ئەمریکا بە زۆرینەی 6 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 3 دەنگی نەخێر، بڕیارێکی دژی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دا و ئەو پێناسە گومرگییە گشتگیرانەی هەڵوەشاندەوە کە ساڵی رابردوو سەپاندبوونی.
دادگەکە رایگەیاند، یاسای "دەسەڵاتە ئابوورییە نائاساییە نێودەوڵەتییەکان" رێگە بە سەرۆک نادات بەو شێوەیە پێناسی گومرگی بسەپێنێت.
جۆزێف کاڤاتۆنی، ستراتیژییناسی باڵا لە ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ دەڵێت، بڕیارەکەی دادگەی باڵا گوشارێکی سیاسی لادەبات، بەڵام نادڵنیاییەکان کۆتایی پێناهێنێت، تەنیا شێوازەکەی دەگۆڕێت. زێڕ زیاتر وەک پارێزەرێک بەرامبەر بە نادڵنیایی گەشە و هەڵاوسان دەمێنێتەوە."
لە دوای بڕیارەکە بە ماوەیەکی کەم، ترەمپ رایگەیاند، پێناسی گومرگی لەسەر تەواوی هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا بە رێژەی 10٪ زیاد دەکات.
هاوکات بەپێی داتاکانی ئەمریکا، مانگی رابردوو خەرجییەکانی بەکاربردنی تاک لە 2.8٪ـەوە بۆ 2.9٪ بەرزبووەتەوە. خەرجییە بنەڕەتییەکانیش کە هەموو نرخەکان دەگرێتەوە جگە لە خۆراک و وزە، لە 2.8٪ـەوە بۆ 3٪ بەرزبووەتەوە.
هەرچەندە ئەم داتایە لە بەرژەوەندیی زێڕ نەبوو و هانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەدات رێژەی سوود کەمنەکاتەوە، بەڵام داتاکانی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی قەرەبووی ئەمەی کردووە.
بەپێی داتاکان، لە چارەکی چوارەمی 2025ـدا گەشەی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئەمریکا بۆ 1.4٪ دابەزیوە، پێشتر پێشبینی دەکرا رێژەکە 2.8٪ بێت. لە چارەکی پێشتریشدا رێژەکە 4.4٪ بوو.
بەهۆی ئەم داتایانەوە، ئێستا وەبەرهێنەر و بازرگانان پێشبینی ناکەن لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا رێژەی سوود لە ئەمریکا کەمبکرێتەوە.
نرخی زێڕ پەیوەندییەکی پێچەوانەی لەگەڵ رێژەی سوود هەیە؛ کاتێک رێژەی سوود بەرز بێت، تێچووی هەڵگرتنی زێڕ زیاد دەکات و خواست لەسەری کەمدەبێتەوە، بەڵام نادڵنیایی لە بازاڕدا وایکردووە زێڕ وەک "پەناگەیەکی ئارام" بمێنێتەوە.
فاکتەرێکی دیکە کە بووەتە هۆی پاڵپشتیکردنی نرخی زێڕ، زیادبوونی گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتۆن و تارانە. تڕەمپ هۆشدارییەکی توندی داوەتە ئێران کە دەبێت لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژدا بێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی، ئەگەرنا رووبەڕووی "دەرەنجامی نادیار" دەبێتەوە.
ئەمەش ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە کە ئەگەری پێکدادانی سەربازی هەبێت.
شرۆڤەکارانی بانکی ING ئاماژە بەوە دەکەن کە "مەترسییە جیۆسیاسییەکان و چاوەڕوانییەکان بۆ دابەزاندنی رێژەی سوودی بانکی لە کۆتایی ئەم ساڵدا، وادەکەن نرخی زێڕ بە بەرزی بمێنێتەوە، ئەگەرچی بەهێزبوونی نرخی دۆلار تاڕادەیەک رێگرە لەوەی زێڕ بەرزبوونەوەی زۆر گەورەتر بکات."

.jpg&w=3840&q=75)