رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی خەو لە ئەمریکا دەڵێت، بۆ باشتربوونی کوالیتیی خەو، پێویستە دەرگەی ژووری نووستن کراوە بێت.
رێکس ئیزاب، پسپۆڕی خەو و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بێتەر سلیپ دەڵێت، ''بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەواوە وا باشترە ژووری نووستن بە ساردی بمێنێتەوە و هەوا گۆڕکێ هەبێت''، پێشنیازیش دەکات دەرگەی ژوورەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە.
بە گوێرەی راپرسییەکی دامەزراوەی توێژینەوەی سەلامەتیی ئەمریکا، 60٪ـی ئەمریکییەکان لەکاتی خەوتندا دەرگەی ژوورەکانیان دادەخەن و 40٪ـیان بە کراوەیی جێی دەهێڵن، پسپۆڕەکەی خەویش ئاشکرای دەکات، کردنەوەی دەرگەی ژووری نووستن وا دەکات پلەی گەرمیی ژوورەکە بە مامناوەندی بمێنێتەوە و هەوای پیس قەتیس نەبێت.
دکتۆر ناتالیا لۆپێز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە بەریتانیا لەو بارەیەوە دەڵێت، "پلەی گەرمیی ژووری نووستن پێویستە لە نێوان 20 پلە بۆ 25 پلەی سیلیزی بێت، چونکە لەکاتی خەوتن ئارەقکردن کەمدەکات، بەتایبەت بۆ کەسانی کێش زۆر و خانمانی سەروو تەمەن 40 ساڵ".
دکتۆر ناتالیا دەشڵێت، پێویستە لە ژووری نووستن بۆ تازەکردنەوەی ئەو ئۆکسجینەی کە لە ژوورەکەدا هەیە هەواگۆڕکێ هەبێت.
ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا NHS رایدەگەیێنێت، ئارەقکردنەوە هۆکارێکە بۆ ناڕێکیی قۆناخەکانی خەوی قووڵ و کەمکردنەوەی کوالێتیی خەو.


.png&w=3840&q=75)