رووداو دیجیتاڵ
لە سویسرا تەکنەلۆژیایەکی نوێ بۆ چارەسەریی ئیفلیجی تاقیدەکرێتەوە. تەکنەلۆژیاکە فەرمانەکانی مێشک و دڕکەپەتک بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
سەرەتای ڤیدیۆکە، ساتی تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیاکەیە لەسەر کەسێکی ئیفلیج. توێژەرانی مێشک و دەمار بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگەی فیدراڵی سویسریی تەکنەلۆژیا لە لۆزان کردوویانە.
ئەو کەسەی تاقیکردنەوەکەی لەسەر دەکرێت ناوی یارتیان ئۆسکامە، بەهۆی رووداوێکەوە، 12 ساڵە ئیفلیجە.
ئۆسکام دەڵێت، ''رەنگە ئەمە بۆ هەموو کەسێک نەبێت، چونکە تەنیا چاندنی سیستمەکە نییە و ئیدی بەپێ بڕۆیت، بەڵکو ماوەیەکی قورسی راهێنانی دەوێت.''
کاتێک کەسەکە بیر لە رۆیشتن دەکاتەوە، ئەلیکترۆدە کارەباییە چێندراوەکانی مێشک فەرمانەکان کۆدەکەنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ ئەلیکترۆدە چێندراوەکانی دڕکەپەتک، بەمەش وا لە قاچەکان دەکات بکەونە جووڵە.
پزیشکان نەشتەرگەریی بۆ ئۆسکام دەکەن و ئامێرەکە لەنێو جەستەیدا دەچێنن.
جۆسێلین بلۆچ، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە پەیمانگەی فیدراڵی سویسریی تەکنەلۆژیا باس لەوە دەکات، ''دوو نەشتەرگەریمان کرد، یەکێکیان لە جێگەی دوو پارچەی ئێسکی مێشک، دوو ئەلیکترۆدمان دانا بۆ تۆمارکردنی فەرمانەکانی مێشک، نەشتەرگەرییەکەی دیکە دوو ئەلیکترۆدمان لە سەرووی دڕکەپەتکییەوە دانا کە کۆنتڕۆڵی جووڵەی قاچەکانی بکات، هەروەها لەنێوانیاندا پردێکی پەیوەندیمان دروستکرد کە قاچەکانی بەکاردەخاتەوە.''
تیمەکە راهێنان بە ئۆسکام دەکەن و بە ژیریی دەستکرد پەیوەندی مێشک و دڕکەپەتک بەیەکەوە دەبەستنەوە.
ئۆسکام بەوە دڵخۆشە و دەڵێت، ''لە 10 خوولەکدا دەتوانم کۆنتڕۆڵی ئێسکی رانم بکەم، وەکو ئەوەی راستی بێت و مێشکم بەو شێوەیەی کە دەجووڵێم بەرزی بکاتەوە، وابیردەکەمەوە کە ئەمە بۆ هەموو کەس دەرەنجامێکی باشە."
بەهۆی داهێنانەکەوە یارتیان ئۆسکام دەتوانێت 100 مەتر بەپێ بڕوات و بەبێ هیچ یارمەتییەک بوەستێت، داهێنانەکەش ئومێدبەخشە بۆ ئەو کەسانەی چەندین ساڵە ئیفلیجن و ناتوانن قاچ و دەستیان بجووڵێنن.

