رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ژمارەیەک گرێبەستی دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان واژۆکراون، کە 35٪ تێچووەکەی کەم بووەتەوە و پڕۆسەکەش 230 جۆر دەرمان لەخۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-07-2023، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە پڕۆسەیەکی نوێدا و بە رێکارێکی نوێ، 10 گرێبەستی دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان واژۆ کران.
د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ کراوە، تاوەکو دوو مانگی دیکە مۆڵەتیان هەیە دەرمان و پێداویستییەکان بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکەن.
بەگوتەی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئەم پڕۆسەیەدا، 230 جۆری دەرمان کە بەشێکیان دەرمانی نەخۆشیی درێژخایەن، هەروەها هەوکردن، سڕکردن و بەشێکیشیان ئازارشکێنن، دابین دەکرێن.
وەک د. سامان بەرزنجی ئاماژەیدا، پڕۆسەکە لە چوارچێوەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی رەوشی دەرمان بوو، کە ساڵانە تێچووی دابینکردنی دەرمان، نزیکەی حەوت ملیار دینار یان بە رێژەی 35٪ کەمیکردووە.
یەکێک لە "خاڵە ئەرێنییەکان"ی دابینکردنی دەرمان لە رێگەی ئەم گرێبەستانە، وەک وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گەیاندن و خێراتر دابەشکردنی پێداویستیی نەخۆشخانەکانە لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
د. سامان بەرزنجی باسی لەوەشکرد، لەڕووی چاکسازییەوە، کوالێتیی دەرمانەکان بەرزبووەتەوە و 46٪ـیش بەرهەمی کۆمپانیا خۆماڵییەکانن.
كەمیی دەرمان و پێداویستیی دیکەی پزیشكی كێشەیەكی بەردەوامی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی سلێمانی بوو و کۆمپانیاکان هۆشداریی ئەوەیان دابوو چی دیکە توانای دابینکردنی دەرمانیان بۆ تەندروستیی سلێمانی نەماوە.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەم کێشەیە بۆ نەبوونی نەختینە و پارەی کاش دەگەڕێنێتەوە و داوا لە بانکەکان دەکات، کاری لەپێشینەیان پێدانی پارەی کۆمپانیاکان بۆ دابینکردنی دەرمان بێت، چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە.

