رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ لە منداڵان رایدەگەیێنێت، لە هەرێمی کوردستان زۆرینەی نەخۆشییە سکماکییەکان چارەسەردەکرێن و چەندین رێگەی چارەسەریش بەردەستن.
د. ئیدریس جەعفەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە منداڵان بە رووداوی راگەیاند، دڵکونی باوترین نەخۆشیی سکماکیی دڵە و بە ''قەستەرە'' یاخود بە ''نەشتەرگەری'' چارەسەردەکرێن.
ئەم پسپۆڕە گوتی، هەندێک لە تووشبووی نەخۆشییە سکماکییەکان پێویستە بنێردرێنە دەرەوە، بەڵام رێژەیان زۆر کەمە و خۆشبەختانە زۆرینەی تووشبووانی نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵ لە سەنتەرەکانی دڵی هەرێمی کوردستان چارەسەریان بۆ دەکرێت.
د. ئیدریس دەڵێت: ''زۆرینەی تووشبووانی نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵ لە هەولێرن، بەجۆرێک ساڵی پار لەکۆی نۆ هەزار نەخۆشیی سەنتەری دڵ، زیاتر لە 50٪ تووشبووی نەخۆشییە سکماکییەکان بوون، کە سەرجەمیان منداڵن''.
د. ئیدریس ئاماژەی بە هۆکارەکانی نەخۆشییە سکماکییەکان کرد و گوتی: "شەکرە، پەستانی خوێن و ناڕێکیی شێوازی ژیانی خانمی دووگیان، وادەکات کە کۆرپەلە مەترسیی تووشبوونی بەو نەخۆشییانە زۆربێت، هەروەها باسی ئەوەش دەکات بەکارهێنانی دەرمان بێ راوێژی پزیشک هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ ئەمە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی مانگی سووری قەتەری، مانگی سووری عێراقی-لقی هەولێر و کەنیسەی تۆیفن لە سویسرا، کۆنفرانسێکی هاوبەشیان کرد بۆ هۆشیارکردنەوە و باسکردنی دۆخی تووشبووانی نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵ، بەرپرسی بەشی تەندروستیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە رووداوی گوت، تائێستا 80 کەیسی نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵیان چارەسەرکردووە و لە داهاتوودا چارەسەر بۆ 80 کەیسی دیکەش دابیندەکەن.
لە کۆنفرانسەکەدا راگەیێندرا، لە هەرێمی کوردستان ساڵی پار بەراورد بە 2011 رێژەی گیانلەدەستدانی منداڵی خوار تەمەن یەک مانگ 15.16٪ دابەزیوە.


