رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا ڤاکسینێکی نوێی بۆ ڤایرۆسی RSV پەسندکرد و رایدەگەیێنێت، ڤاکسینەکە تایبەتە بە خانمانی دووگیان.
ڤاکسینەکە بەناوی Abrysvo بەردەست دەبێت و لەلایەن کۆمپانیای فایزەری ئەمریکییەوە بەرهەمدەهێندرێت، پەسندکردنەکە دوای ئەوەهاتووە کە تاقیکردنەوە لەسەر حەوت هەزار خانمی دووگیان کراوە و دەرکەوتووە، جەستەی کۆرپەکانیان دوای شەش مانگ 82٪ بەرگریی دژی ڤایرۆسەکە پەیداکردووە.
د. پیتەر مارک، بەڕێوەبەری FDA بۆ توێژینەوە دەڵێت: ئەمساڵ دوو جۆری ڤاکسین بۆ RSV راگەیەنرا، بەڵام ئەم جۆرەیان تایبەتە بە خانمانی دووگیان بۆ پاراستنی کۆرپەلەکانیان لە ڤایرۆسەکە.
د. پیتەر دەشڵێت: لە قۆناخە کۆتاییەکانی دووگیانیدا دەدرێت بە خانمان، تاوەکو کۆرپەکەیان دوای لەدایکبوون بەرگریان بۆ ڤایرۆسەکە هەبێت.
ڤایرۆسی RSV یاخود ڤایرۆسی دەردە سەرما، ڤایرۆسێکی گوازراوەیە و هۆکارێکی باوی گیانلەدەستدانی منداڵی تازەلەدایکبووە، هەروەها ساڵانە لە زستاندا وەکو پەتا بڵاودەبێتەوە، بەخێرایی دەگوازرێتەوە و دەبێتەهۆی هەوکردنی تووند لە کۆئەندامی هەناسە.


