رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد بۆ منداڵان لە سلێمانی دەڵێت، لە سەرەتای کردنەوەی قوتابخانەکان ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان زیاددەبێت، داواش دەکات لە بری شیرینییەکان، "میوە، چەرەس و خۆراکی فرێش" لە قوتابخانەکان بفرۆشرێن.
رۆژی چوارشەممە 13ـی ئەیلوولی 2023 د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد بۆ منداڵان لە سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی تەندروستی گوتی، لە سەرەتای کردنەوەی قوتابخانەکاندا ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان زیاددەکات، چونکە بەریەککەوتن لەنێوان منداڵان زۆرە و دەکرێت بیگوازنەوە بۆ خێزانەکانیشیان.
د. پشدەر عەبدوڵڵا وەکو پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: پێویستە شیرینییەکان لە فرۆشگەی قوتابخانەکان سنوورداربکرێن و پێشنیازدەکات، لەبری شیرینیەکان، میوە، چەرەس و خۆراکی فرێش دابنرێن یاخود دایک و باوک خۆیان خۆراک بۆ منداڵەکەیان ئامادەبکەن و بیکەنە نێو جانتاکانیان.
د. پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت: ''نەخۆشییە پەتاییەکان زیاتر لە زستاندا بڵاودەبنەوە و سەرهەڵدەدەن، چونکە ڤایرۆسەکان چالاکتر دەبن و کەمتر هەواگۆڕکێ لە ماڵەکاندا دەبێت، کە هۆکارن بۆ زیاتر گواستنەوەی نەخۆشییەکان''.
د. پشدەر پێشنیازدەکات، ئامێری شێدارکەرەوەی ماڵان بەکاربێت تاوەکو لە زستاندا کەشێکی شێدار بە ژینگەکە ببەخشێت و پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و بەکتریاکان بکات.
لەبارەی رێنوێنییەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشیی کۆلێرا ئەو بەڕێوەبەرەی نەخۆشخانەی منداڵان گوتی، پاککردنەوەی تانکی ئاوی قوتابخانەکان رێگەیەکی سەرەکیی پێشگیریکردنە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە، هەروەها چاودێریکردنی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قوتابییان و دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ قوتابخانە رێگەی سەرەکین بۆ پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانییان.


.png&w=3840&q=75)