رووداو - تەندروستی
پڕۆفیسۆرێکی نەخۆشییەکانی کوێرەرژێنەکان و شەکرە رایدەگەیێنێت، چەند چارەسەرێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی چەورییەکان و شەکری خوێن بەردەستن، هەروەها دەڵێت: شێوازی ژیانی رێک باشترین چارەسەرە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و چەوریی خوێن.
رۆژی هەیینی 22ـی ئەیلوولی 2023 پڕۆفیسۆر د. هەندرێن سووران، پسپۆڕی کوێرەرژێنەکان و نەخۆشیی شەکرە لە بوولتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، چەندین رێگەی چارەسەری نوێی قەڵەوی و نەخۆشیی شەکرە دۆزراونەتەوە و لەژێر تاقیکردنەوەدان.
پڕۆفیسۆر هەندرێن سووران ئاماژە بە یەكێک لەو چارەسەرییانە دەکات کە بۆ کەمکردنەوەی چەورییەکان بەکاردەهێندرێت و دەڵێت: ''چەند جۆرێک لە دەزریی هەیە کە یارمەتیی کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ دەدات و کاریگەریی زۆریان لەسەر هاوسەنگکردنی چەورییەکان هەیە''.
ئەو پڕۆفیسۆرەی کوێرەرژێنەکان و شەکرە لەنێو چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی نەخۆشیی شەکرە پانێڵێکی پێشکێشکرد لەبارەی نوێترین چارەسەر لەڕێگەی جینەکانەوە و دەڵێت: سەرەتای ساڵی داهاتوو دەست بە تاقیکردنەوەی نوێترین چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی کۆلیستڕۆڵ 'چەوریی نێو خوێن' دەکرێت لەڕێگەی دەستکاریکردنی جینەکانەوە.
پڕۆفیسۆر هەندرێن ئاشکرای دەکات، بەگوێرەی توێژینەوەکان، ئەو دەرمانانەی بۆ کەمکردنەوەی کێش بەکاردێن یارمەتیی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنیش دەدەن، بەجۆرێک 20٪ ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییانە کەمدەکەنەوە.
هەروەها باسی ئەوەشدەکات، ئەو دەرمانانەی نەخۆشیی شەکرە کە بۆ کەمکردنەوەی کێشیش بەکاردێن، ئەگەر لەلایەن تووشبوویێکی نەخۆشییەکانی دڵەوە بەکاربهێندرێت، ئەوا کاریگەریی ئەرێنییان دەبێت و تەندروستیی کەسەکە باشتردەکەن.
بە گوتەی پڕۆفیسۆر هەندرێن، ئەو دەرمانانەی بۆ شەکرە و قەڵەوی بەکاردێن لە هەرێمی کوردستان بەردەست و لەلایەن پزیشکانەوە دەدرێن بە نەخۆش، بەڵام دەرمانە نوێیەکانی کەمکردنەوەی چەوریی سیانی و کۆیستڕۆڵ تاوەکو ئێستا لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەست نین.
پڕۆفیسۆر هەندرێن سووران وەکو پسپۆڕێکی کوێرەرژێنەکان لەبارەی رێژیمی کیتۆ دەڵێت: ''چەوریییەکانی خوێن بەرزدەکاتەوە و ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن زیاددەکات''.
تەنانەت گوتیشی، ئەوانەی رێژیمەکە دەکەن پێویستە ماوەیەکی کاتی پەیڕەوی بکەن، چونکە دەشێت کەسەکە تووشی چەند کاریگەرییەکی لاوەکی بکات.
ئەو پڕۆفیسۆرە بۆ کەمکردنەوەی چەوریی سیانی رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەکات، خۆراکە چەورەکان کەمبکەنەوە و بایەخی زیاتر بە وەرزش و کێشڕێکی بدەن یاخود بەشێکیان بە بەکارهێنانی دەرمان لەژێر راوێژی پزیشک دەکرێت چەورییەکانیان کەمبکەنەوە'، هاوکات دەشڵێت: ''هیچ جۆرە چەورییەکی ئاژەڵی باش نییە و سەرجەمیان چەورییەکانی خوێن بەرزدەکەنەوە''.
لە کۆتاییدا پڕۆفیسۆر هەندرێن سووران ئاماژە بە شەکری میوەکان دەکات و دەڵێت: بەشێک لە میوەکان وەکو 'هەنجیر، ترێ و شووتی' بڕێکی زۆر شەکریان تێدایە و باشترە تووشبووانی شەکرە بەکەمی بیانخۆن، بەڵام بەگشتی بەشێوەی سنووردار بایەخ بە میوەکان بدەن.

.png&w=3840&q=75)
