رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما لە رێگەی رووداوەوە رایگەیاند، نزیکەی دوو هەزار نەخۆشی تالاسیما پێویستیی خێرایان بە دەرزیی دیسڤرال هەیە کە پێشتر بەغدا ناردوویەتی و نزیکەی سێ مانگە نەیناردووە، ئەندامێکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەدواداچوونی کردووە و دەرزییەکە هەفتەی داهاتوو بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2023، دکتۆر گەیلان قادر، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ئاگاداربوونی لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوە لە نەمانی دەرزیی دیسڤرال، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق قسەی کردووە و بەڵێن دراوە هەفتەی داهاتوو دەرزییەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
گەیلان قادر گوتی، "ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق قسەم کرد؛ دەرزیی دیسڤرال لە تەواوی عێراق نەماوە، بۆیە بۆ هەرێمی کوردستانیش نەنێردراوە. ئێستا بڕێک گەیێندراوەتە عێراق و بڕیارە لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو تەواوی بڕی پێویستی دەرزییەکە بگاتە عێراق و پشکی هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بە نووسراوی فەرمی داوای پشکی هەرێمی کوردستانی لە دەرزییەکە بۆ نەخۆشانی تالاسیما کردووە.
قسەکانی گەیلان قادر لەکاتێکدایە، ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 4 هەزار نەخۆشی تالاسیما هەن و کاتێک مانگانە خوێن وەردەگرن رێژەی ئاسن لە لەشیاندا بەرزدەبێتەوە و نزیکەی نیوەیان پێویستیان بە دەرزیی (دیسڤرال)ـە و نیوەکەی دیکەش حەبی (ئێکسجێد) کە هەردووکیان کاردەکەن بۆ دابەزینی ئاسن لە لەشی نەخۆشەکاندا.
حەب لە هەرێمی کوردستان بەردەستە، بەڵام دەرزیی دیسڤرال ماوەی سێ مانگە بۆ نەخۆشانی تالاسیما دابین ناکرێت. سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "ئەو دەرزییە نەبێت، ئەگەر هەیە نەخۆشەکە گیان لەدەستبدات؛ هەفتانەش داوای دەکەین، بەڵام بێسوودە و ناشزانین بۆچی لە بەغداوە نانێردرێت."
تالاسیما نەخۆشییەكی بۆماوەیی خوێنە و تێیدا كەسی نەخۆش تووشی تێكشكان و شیبوونەوەی خڕۆكە سوورەكانی خوێنی دەبێت؛ ئەمەش لەلایەكەوە تووشی كەمخوێنی دەكات و دەبێت بەشێوەیەكی بەردەوام خوێنی تێ بكرێت؛ لەلایەكی دیكەوە بڕێكی زۆری مادەی ئاسن لە شانەكانی لەشیدا كۆدەكاتەوە و پەكیان دەخات، واتە گواستنەوەی خوێن لە نەخۆشییەكە رزگاری ناكات، بەڵكو چارەسەر بەوە دەبێت لە سەرەتای تەمەنەوە چاندنی مۆخ بۆ كەسەكە بكرێت.
هەر نەخۆشێک مانگانە بۆ دابەزینی بڕی ئاسن لە خوێنیدا پێویستی بە 80 بۆ 100 دەرزییە، لە بازاڕدا دەرزییەکە هەیە کە هەر پارچەیەکی 10 دەرزی تێدایە و بە 45 هەزار دینارە. ئیبراهیم ئەحمەد گوتی، "تێچووەکەی زۆر زۆرە، نەوەکو نەخۆش، خێرخوازانیش بۆیان دابین ناکرێت."



