رووداو - تەندروستی
ئەمساڵیش لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لووتکەی تەندروستیی جیهانی بەڕێوەدەچێت و رێنوێنییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە کەرتی تەندروستیدا دوو لە مژارە سەرەکییەکانی لووتکەکەن.
رۆژی یەکشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2023، یەکەم رۆژی لووتکەی تەندروستیی جیهانی دەستی پێکرد و پانێڵەکانی نێو لووتکەکە پێشکێشدەکرێن، پزیشکێکی کورد کە ئەندامی لووتکەی تەندروستیی کوردستانە و لە نێو لووتکەی تەندروستیی جیهانی بەشدارە بە رووداوی گوت، پێویستە سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سوود لە سیستمی تەندروستیی جیهانی وەربگرێت.
د. گۆران عەبدوڵڵا، پسپۆڕی حکومڕانیی تەندروستی و بەشداربووی لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی، لووتکەی ئەمساڵی تەندروستیی جیهانی زیاتر جەخت لە رێنوێنی و رێگەچارەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا دەکاتەوە.
بە گوتەی د. گۆران عەبدوڵڵا، سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لاوازە و دەشڵێت: بەتایبەتکردنی نەخۆشخانە و نۆرینگەکانی نێو کەرتی تەندروستی وایکردووە سیستمەکە لاوازبێت کە هۆکارێکی بەهەژاربوونی خەڵکە.
گۆشان محەممەد قەرەداخی، ئەندامی بۆردی زانستیی لووتکەی تەندروستیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئامانجی سەرەکیی لووتکەی تەندروستیی کوردستان بایەخدانە بە دانان و پێشنیازکردنی رێگە چارەی نوێ و گونجاو بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئامانج لەم لووتکەیە بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی چارەسەری داهێنەرانەیە بۆ رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ئاڵنگارییە تەندروستییەکان، بەگوێرەی رێکخراوەکەش ئەو سیاسەت و توێژینەوانە تاوتوێدەکرێن کە دەتوانن کێشەکانی پەیوەندیدار بە رەگەزپەرستی و ناڕێکییەکانی بەردەم بڵاوبوونەوەی پەتا چارەسەربکەن.
لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی 2009 بۆ یەکەمجار لەلایەن زانکۆی شاریتەی ئەڵمانیا رێکخرا، لەوکاتەوە ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەردا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، ئامانجی لووتکەکە گەنگەشەکردنی کێشە تەندروستییەکانە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان.
ئەکسل رادلاخ پریس، سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: ''ئێمە ناتوانین پێشکەوتنی جیهانیی تەندروستی بەدەستبهێنین یاخود بەرەنگاری قەیرانی کەشوهەوا ببینەوە تاوەکو متمانە، هاوکاری و هێز لەنێوان نەتەوەکان دروستنەبێت''.
لەنێو لووتکەی تەندروستیی جیهانی زیاتر لە 60 هەزار کەس لەڕێگەی ئۆنلاین و چوار هەزار کەسیش بەشێوەی راستەوخۆ لە بەرلین بەشداردەبن، هەروەها 400 قسەکەر و 140 وڵاتی جیاوازیشی تێدادەبێت، هاوکات لووتکەکە هەریەک لە رۆژەکانی 16 و 17ـی ئەم مانگەش بەردەوامدەبێت و پانێڵەکان پێشکێشدەکرێن.


