رووداو - تەندروستی
لە نوێترین راپرسیی یەکێک لە گۆڤارە جیهانییەکاندا، وڵاتی تایوان بە خاوەنی باشترین سیستمی تەندروستیی دەستنیشانکرا، هاوکات لە نێو ریزبەندی 10 وڵاتە پێشەنگەکەشدا دوو وڵاتی کیشوەری ئاسیای تێدایە.
نوێترین راپۆرتی گۆڤاری جیهانیی CEOWORLD بۆ پێوەرە پزیشکییەکان ئاشکرای دەکات، تایوان باشترین سیستمی خزمەتگوزاریی تەندروستیی هەیە، لەنێو ریزبەندییەکە دوای تایوان کۆریای باشوور بە پلەی دووەم و ئوسترالیا بە پلەی سێیەم دێن.
ریزبەندییەکە لە 110 وڵات پێکدێت و لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکان، تایوان توانیویەتی لەکۆی 100 خاڵ، 78.72 خاڵ بەدەستبهێنێت، بە گوێرەی روونکردنەوەی گۆڤارەکە، پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن بریتیبوون لە 'ژێرخانی چاودێریی تەندروستی، ژمارە و کوالێتیی کارمەندانی تەندروستی، لێهاتوویی ستافی پزیشکی، بەردەستبوونی دەرمان، ئامادەیی حکومەت لە دابینکردنی پێداویستی و دەرمانی پزیشکی، پاکوخاوێنیی ژینگە و دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاکی خواردنەوە، هەروەها سەپاندنی یاسا بۆ قەدەخەکردنی جگەرە و نێرگەلە و دابینکردنی یاساکانی رووبەڕووبوونەوەی قەڵەوی'.
بە پێی راپۆرتەکە، لە کۆتایی لیستەکەدا وڵاتی سێلڤادۆر، لە ریزبەندی خراپترین سیستمی چاودێریی تەندروستییە بۆ ساڵی 2023 و لەکۆتایی ریزبەندییەکەدا دێت، هاوکات ئەمریکا لە ریزبەندی 15 و بەریتانیاش لە 27ـەمین دێن.
لەبارەی سیستمی تەندروستیی وڵاتانی دراوسێ و عێراقەوە، تورکیا لە پلەی 60 و عێراق لە پلەی 79ـی ریزبەندییەکەیە، بەڵام ئێران پلەی 92ـی ریزبەندییەکەی بەدەستهێناوە، بەم شیوەیەش کەوتووەتە دوای هەریەک لە وڵاتانی تورکیا و عێراق لە سیستمی خزمەتگوزاریی تەندروستی.
ریزبەندیی 10 باشترین وڵات بۆ باشترین سیستمی خزمەتگوزاریی تەندروستی
1- تایوان
2- کۆریای باشوور
3- ئوسترالیا
4- کەنەدا
5- سوێد
6- ئێرلاند
7- هۆڵەندا
8- ئەڵمانیا
9- نەرویژ
10- ئیسرائیل



