رووداو - تەندروستی
حکومەتی بەریتانیا هەڵمەتێکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان رادەگەیێنێت و بەڵێندەدات، تاوەکو ساڵی 2040 لە ئینگلاند سەرکەوتوو بێت.
ناوەندی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی تەندروستیی بەریتانیا NHS رایگەیاند، لەڕێگەی پێدانی ڤاکسین و پشکنینی پێشوەختەوە دەیانەوێت تاوەکو ساڵی 2040 شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە وڵاتەکە بنبڕبکەن.
ناوەندەکە ئاشکرای دەکات، ڤاکسین و پشکنینی پێشوەختە بەردەستن، بەڵام هۆشیارکردنەوەی تاک پێویستە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکان و وەرگرتنی ڤاکسینی ڤایرۆسی HPV کە هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان.
د. ئەسیتا لانیۆس، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون و سەرۆکی یەکێک لە رێکخراوەکانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی خانمان گوتی، وەرگرتنی ڤاکسینی تایبەت بە ڤایرۆسەکە 87٪ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە خانماندا کەمدەکاتەوە.
ڤاکسین دژی ڤایرۆسی HPV لە ساڵی 2006 لە ئەمریکا و لە ساڵی 2008 لە بەریتانیا پەسندکرا، کە ئێستا هەر کەسێکی سەروو 14 ساڵان دەتوانێت بەکاریبهێنێت و وەکو پشکنینێکی رۆتینی بۆ هەرزەکارانی سەروو 14 ساڵان بەکاردێت.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، هۆکاری سەرەکیی شێرپەنجەی ملی منداڵدان ڤایرۆسێکە بەناوی HPV، هەروەها ئەم جۆرەی شێرپەنجە، 5٪ـی تووشبووانی شێرپەنجە لە جیهاندا پێکدەهێنێت.
هەر بە گوێرەی WHO، ڤایرۆسی HPV یەکێکە لە ڤایرۆسە گوازراوە سێکسییەکان و ساڵانە 600 هەزار خانم و 70 هەزار پیاو تووشی ڤایرۆسەکە دەبن.
بەپێی نوێترین راپۆرتی دامەزراوەی توێژینەوەی شێپەنجە لە بەریتانیا، خانمێک لە 141 خانم لە وڵاتەکە شێرپەنجەی ملی منداڵدانی لێ دەستنیشاندەکرێت، کە 99.8٪ـیان بەهۆی ڤایرۆسی HPVـیەوە تووشبووی شێرپەنجەکە بوون.
لەبارەی بوونی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی HPV لە هەرێمی کوردستان و عێراق، د. ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتی، ''پێویستە داتا و ئاماری زیاتر بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بخرێتەڕوو و بدرێت بە تەندروستیی عێراق تاوەکو پشتڕاستببێتەوە کە ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە بەرزبوونەوەدایە و ڤاکسینی بۆ دابینبکرێت''.


