رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەڵمانیا دەریدەخات، لە کەشی سارددا ماوەی قۆناخی خەوی قووڵ بەراورد بە کەشی گەرم درێژترە، پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژیی پزیشکی رایدەگەیێنێت، درێژیی ماوەی قۆناخەکە زیاتر دەروون ئاسوودە دەکات و فەرمانەکانی مێشکیش بەهێزدەکات.
رۆژی هەیینی 24ـی تشرینی دووەمی 2023، د. محەممەد میرزا، پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی پزیشکی و مامۆستا لە زانکۆی هەولێری پزیشکی گوتی، لە کەشە ساردەکاندا خەوتن بە گۆرەوییەوە ئاساییە و خواردنەوەی ئاو و خواردنەوە ساردەکانیش بەرگریی جەستە بەهێزدەکەن.
د. محەممەد میرزا، پسپۆڕی فیسیۆلۆژی روونی دەکاتەوە، خەوتن بە گۆرەوییەوە ئاساییە، بەڵام نابێت گۆرەوییەکە تەسک بێت و مادەی نایلۆنی تێدا بێت، تاوەکو قاچەکان تووشی گوشار نەبن و سووڕی خوێن تیایاندا بە چالاکی بمێنێتەوە.
ئەو پسپۆڕەی فیسیۆلۆژی لەبارەی خواردنەوە ساردەکان لە وەرزی زستاندا دەڵێت: ئاساییە خورێنەوە و تەنانەت بەرگریی جەستە بەهێز دەکەن و سووڕی خوێنیش چالاکدەکەن، بەڵام پێشنیازدەکات؛ تووشبووانی نەخۆشیی دڵ و لوولەکانی خوێن لە زستاندا بایەخی زیاتر بە خواردنەوە گەرمەکان بدەن.
لەبارەی خۆشۆردن بە ئاوی سارد د. محەممەد میرزا دەشڵێت: ''یارمەتیی کەمکردنەوەی ئازار و هەوکردنەکان دەدات و بەرگریی جەستە بەهێزدەکات''.
د. محەممەد ئاماژە بەوەشدەکات کە خۆشۆردن بە ئاوی گەرم ماسوولکەکان خاودەکاتەوە و ئەوانەشی کە تووشبووی وشکبوونەوەی جەستەن دەتوانن سوودی لێ ببین.
لە کۆتاییدا گوتی، جۆری گرووپی خوێن هیچ پەیوەندییەکی بە رێژەی سەرمابوونی تاکەوە نییە.
پەیمانگای تەندروستیی بەرلین لە ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، لە وەرزی زستان و سەرمادا زیاتر تاک دەچێتە خەونی قووڵەوە، واتە قۆناخی REMـی درێژترە.
پەیمانگەکە ئەوەش ئاشکرادەکات، لە زستاندا خەو بینین زیاترە بەراورد بە هاوین، چونکە قۆناخی REM درێژترە، پسپۆڕێکی پەیمانگەکەش دەڵێت: سوودەکانی خەوی رێک لە زستاندا زیاترن بەتایبەت سوودەکانی قۆناخی REM کە بەشێکیان بریتین لە 'باشترکردنی دەروون و بەهێزکردنی تواناکانی فێربوون و بیرکردنەوە'.


