رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانەی رۆژئاوای شاری هەولێر رایگەیاند، مانگی رابردوو 12 هەزار و 896 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و زیاتر لە 25 هەزار پکشنینی تەندروستییان بۆ کراوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەو ماوەیەدا 257 کەس بەهۆی برینداربوون بە رووداوەکانی هاتووچۆ براونەتە نەخۆشخانەکە.
رۆژی دووشەممە 04-12-2023، نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە شاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاماری مانگی رابردووی چارەخوازانی نەخۆشخانەکەی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 12 هەزار و 896 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، زۆرترینیان لە راوێژکاریی ئێواران بوون، کە 5 هەزار و 37 نەخۆش بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە مانگی 11دا 257 کەس بەهۆی برینداربوون بە رووداوەکانی هاتووچۆ براونەتە نەخۆشخانەکە، هەروەها 28 نەخۆش بەهۆی ئەوەی سەگ گەستوونی، 10 کەس بەهۆی پێوەدانی دووپشک، دوو کەسیش بەهۆی مار پێوەدان و 11 کەسیش بەهۆی کارەبا گرتنەوە براونەتە نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە هەولێر.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە هۆکاری سەردانیکارانی نەخۆشییەکانی دیکە کراوە و هاتووە، لە مانگی 11دا پێشوازی لە 781 نەخۆش لە بەشی هەناو کراوە، ئەوانەی زەبری دەرەکییان بەرکەوتووە و سەردانیان کردووە 729 کەس بوون، 746 کەسیش بەهۆی کەوتنەخوارەوەوە براونەتە نەخۆشخانەکە.
لە مانگی 11دا 343 نەشتەرگەریی جۆراوجۆر لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە هەولێر کراون، زۆرینەیان نەشتەرگەریی شکان بوون، کە 183 نەشتەرگەرییە لە ئامارەکەدا، هەروەها 50 نەشتەرگەریی مێشك و بڕبڕەی پشت، 42 نەشتەرگەریی گشتی و جوانكاری و 57 نەشتەرگەریی گشتی کراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەکەدا زیاتر لە 24 کاژێر خەوێندراون لە مانگی رابردوودا 567 نەخۆش بوون، لەو ژمارەیە 26 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
لە ئامارەکەدا ئاماژە بە پشکنینە پزیشکییەکانی مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە هەولێر کراوە و راگەیێندراوە، 25 هەزار و 378 پشکنین کراون، کە زۆرینەیان پشکنینی تاقیگە بوون، کە 16 هەزار و 98 پشکنینە.

.png&w=3840&q=75)
