رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە ئاشکرای دەکات، هەوای پیس هۆکارێکی راستەوخۆیە بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکان و بەتایبەت شێرپەنجەی سییەکان.
رۆژی چوارشەممە 6ـی کانوونی یەکەمی 2023 د. زانا جەمالەدین دزەیی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە بوولتەنی تەندروستیدا رایدەگەیێنێت، پیسبوونی هەوا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە هەیە.
د. زانا دزەیی دەڵێت: دەکرێت پیسبوونی هەوا مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان زیادبکات، چونکە زیانەکانی کەمتر نین لە دووکەڵی جگەرە و نێرگەلە.
ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، تووشبووانی نەخۆشییەکانی رەبۆ و هەستیاری زۆرترین ئەو کەسانەن کە پیسبوونی هەوا کاریگەریی زیاتری لەسەریان دەبێت، هاوکات گوتی، ''پیسبوونی هەوا مەترسیی تووشبوون بە سەرجەم شێرپەنجەکان زیاددەکات بەتایبەت شێرپەنجەی سییەکان''.
د. زانا دزەیی جەخت لەوەدەکاتەوە، ''ئەوانەی رەبۆ یاخود نەخۆشییە درێژخایێنەکانی سییەکانیان هەیە، لەکاتی چوونە دەرەوەیان دەمامک ببەستن و کەمترین بەرکەوتەیان لەگەڵ ژینگەی پیس هەبێت، چونکە بەستنی دەمامک رێگرە لە چوونە ناوەوەی زۆرێک لە تەنۆلکە زیانبەخشەکانی هەوا بۆ نێو جەستە.
لە کۆتاییدا ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە بە پێویستی دەزانێت پاکڕاگرتنی ژینگە وەکو وانەیەک لە قوتابخانەکان بخوێندرێت و رێگری لەو پیسکەرە گەورانەی هەوا بگیرێت کە ئێستا لەنێو سەرجەم ژینگەی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن.


