رووداو - تەندروستی
خانمێکی ئەمریکی 32 ساڵانی خاوەن دوو منداڵدان، دووانەیەکی لە هەردوو منداڵدانیدا دەبێت و پسپۆڕێکیش دەڵێت: بوونی دوو منداڵدان دۆخێکی سکماکیی دەگمەنە و لە ملیۆنێک خانم یەکێکیان دەکرێت تووشی ببێت.
کێڵسی هاچەر، دانیشتووی ئالەبامای ئەمریکایە و هەر بە سکماکیی بە دوو منداڵدانەوە لەدایکبووە، دوای ئەوەی دووگیان بووە، دەرکەوتووە کە هەریەک لە منداڵدانەکانی کۆرپەیەکیان تێدایە.
بە گوێرەی پسپۆڕان، دۆخەکەی کێڵسی دەگمەنە و لە ملیۆنێک کەس دەکرێت یەکێک بەو شێوەیە بێت.
کێڵسی هاچەر دەڵێت: ''لە تەمەنی 17 ساڵیدا دەرکەوت کە دوو منداڵدانم هەیە''، د. ریچارد دەیڤس، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت: خانمانی خاوەن دوو منداڵدان زۆر دەگمەنە و دەکرێت لە ملیۆنێک خانم یەکێکیان تووشی ببێت.
کێڵسی هاچەر پێشتر سێ دووگیانی تەندروستی هەبووە، بەڵام ئەمجارە لەهەردوو منداڵدانەکەیدا دووانەیەک پەیدابوون کە هەردووکیان کچن بە ناوەکانی رۆکسی و ریبێڵ؛ رۆکسی بە شەو بە لەدایکبوونی ئاسایی لەدایکبووە و ریبێڵیش دوای 10 کاژێر لە رۆژی دواتر بە نەشتەرگەری لەدایکبووە.

بە گوێرەی ناوەندی کلڤیلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، دوو منداڵدان حاڵەتێکی سکماکییە و لە 0.3٪ـی خانماندا روودەدات، هاوکات ناسراوە بە Uterus didelphys، هەروەها باشترین چارەسەریش نەشتەرگەریی لابردنی یەکێک لە منداڵدانەکانە.
ئەو خانمانەی دووچاری ئەم بارودۆخە سکماکییە دەبنەوە مەترسیی لەبارچوونی کۆرپە و نەشتەرگەریی منداڵبوونیان زیاددەبێت.



