رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی کورد سەرپەرشتیی نوێترین داهێنان بۆ چارەسەری جەڵتەی دڵ دەکات و دەڵێت، داهێنانەکە وادەکات چیدیکە بۆ تاقیکردنەوەی دەرمان، ئاژەڵ بەکارنەیەت، بەڵکو لەسەر خانەی مرۆڤ تاقیبکرێنەوە بەبێ ئەوەی مرۆڤ تێیدا بەشداربێت.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2023، د. سەرکەوت حەمەدەمین، پسپۆڕی پزیشکیی نوێبووەوە لە بووڵتەنی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، بە دووبارە دروستکردنەوەی خانەکانی مرۆڤ چیدیکە پێویست بەوە ناکات دەرمان لەسەر ئاژەڵان تاقیبکرێتەوە، بەڵکو راستەوخۆ لەسەر شانەی مرۆڤ تاقیدەکرێنەوە بێ ئەوەی زیان بە هیچ کەسێک بگات.
د. سەرکەوت حەمەدەمین، پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی پزیشکی و پزیشکیی نوێبووەوە سەرپەرشتی نوێترین داهێنانی جیهانی بۆ دووبارە دروستکردنەوەی خانەکانی مرۆڤ لە خانەی بنچینەیی دەکات، ئامانجیشیانە بۆ تاقیکردنەوە دەرمان و چارەسەرە پزیشکییەکان بەکاریان بهێنن.
د. سەرکەوت حەمەدەمین، مامۆستای زانکۆی سۆرانە و حەوت ساڵە چووەتە ئەڵمانیا تاوەکو کار لەسەر دووبارە دروستکردنەوەی خانەکانی مرۆڤ بکات و لە چەند توێژینەوەیەکدا ئەنجامەکانیان پەسندکراون.
داهێنانەکە بە هاوبەشی لەگەڵ تیمێکی ئەڵمانییە و د. سەرکەوت وەکو خاوەن بیرۆکەی داهێنانەکە و سەرپەرشتیاری تیمەکە کار لەسەر پڕۆژەکە دەکەن.
د. سەرکەوت دەڵێت: ئامانجمان ئەوەیە لەنێو تاقیگە خانەکان و شانەی دڵی مرۆڤ دووبارە دروستبکەینەوە، تاوەکو لە بواری دەرمانسازی و چارەسەری پزیشکیدا بەکاریان بهێنین، بەتایبەت چارەسەر بۆ تووشبووانی جەڵتەی دڵ.
ئەو پسپۆڕە ڤیدیۆیەکی تایبەت بە رووداو ناردووە کە پارچەیەک لە شانەی دووبارە دروستکراوەی دڵی مرۆڤە و دەڵێت: "دەتوانین زیاتر لە حەوت هەزار شانەی لەم شێوەیە دروستبکەین و بیچێنینە نێو دڵی مرۆڤ تاوەکو وەکو چارەسەر بۆ ئەوانەی کە دووچاری پەککەوتنی دڵ بوون، بەکاربێت."

