رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریدەدات لە بڵاوبوونەوەی پەتایەکی نوێ و ناوی پەتاکەش بە ''نەخۆشیی X'' ناودەنێت، وەکو ئاماژەیەک بۆ پەتایەکی نەزاندراو، بەڵام کوشندە.
نوێترین راگەیێندراوی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO ئاشکرای دەکات، پەتای X لە ئاسۆوە دەركەوتووە و زۆر لە كۆرۆنا كوشندە ترە، لە ناوەختێكدا بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ''نەخۆشیی ئێکس، یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە لە داهاتوودا دەبێتە پەتا و بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە''.
ئەو رێکخراوە جیهانییە دەڵێت: ''نەخۆشیی X دەشێت بەهۆی گۆڕانی ڤایرۆسێکی نوێی یەکێک لە جۆرەکانی 25 ڤایرۆسی دیکەی جیاوازەوە سەرهەڵبدات کە لە رابردوودا پەتا بوون و بڵاوبوونەتەوە''.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی جۆن هۆپکینسی ئەمریکی، لەنێوان ساڵانی 1940 تاوەکو 2004 زیاتر لە 335 ڤایرۆسی کوشندە دەرکەوتوون و پەتای جیهانی و گشتگیریان دروستکردووە کە 60٪ـیان لە ئاژەڵانەوە گوازراونەتەوە بۆ مرۆڤ.
پسپۆڕان پێیان وایە، نەخۆشیی ئێکس لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و باشترین رێگەی پێشگیریکردنیش ئەوەیە کە پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵی کێوی نەبێت و دەست لە ئاژەڵی بێلانە نەدرێت و ئاژەڵانی ماڵیش لەژێر رێنمایی پزیشکی ڤێتێرنەریدا بەخێوبکرێن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2017 ''نەخۆشیی X''ـی ناساند و بە شێوەیەک پۆلێنی کرد کە هاوشێوەی ڤایرۆسە کوشندە و پەتاکانی رابردوو بڵاوببێتەوە بەتایبەت کۆڤید-19، هاوکات تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوەکەش جەخت دەکاتەوە لە جێبەجێکردنی هەمیشەیی رێکارەکانی خۆپاراستن.



