رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشدارییەکانی بۆ بڵاوبوونەوەی پەتایەکی مەترسیدار چڕدەکاتەوە کە بە ''نەخۆشیی X'' ناوی دێنێت، بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانیش بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئامادە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای داهاتوو.
تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە کردووە، ''نەخۆشیی X'' یەکێکە لەو نەخۆشیانەی لە داهاتوودا دەبێتە پەتا و بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە، تەنانەت دەڵێت: ''لە کۆرۆنا کوشندەترە و لە ئەنجامی بەرکەوتن بە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت''.
د. سایە حەسەن، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی و لێپرسراوی هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: بۆ خۆپاراستن لە پەتای داهاتوو هەمان ئەو رێکارانەی کە بۆ کۆرۆنا و پەتای وەرزی بەکارهاتوون، بەکاربێن.
لێپرسراوی هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی، دەشڵێت: خولی راهێنان و فێرکردنی زیاتری ستاف بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پەتایەک پێویستە، هاوکات ئاماژە بەوەشدەکات، مەرجی سەرەکیی بۆ پێشگیریکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پەتایەک دابینکردنی بودجەیە کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە قەیراندایە و ئامادە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی دیکە.
بە گوتەی د. سایە حەسەن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پەتایەک چەند پێداویستییەک گرنگن کە یەکێکیان پێداویستیی مرۆییە و لەو بارەیەوە دەڵێت: ''لە هەرێمی کوردستان کەسانی پسپۆڕ و ژمارەی کارمەندی تەواو هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پەتایەک، بەڵام لەڕووی سەرچاوەی دارایی و لۆجستیکییەوە ناڕێکی لە کەرتی تەندروستی هەیە و ناتواندرێت بەم دۆخەی ئیستا رووبەڕووی پەتا ببینەوە''.



