رووداو - تەندروستی
پڕۆفیسۆرێکی هەناو بایەخی ژیریی دەستکرد لە بواری دەرمانسازیدا باسدەکات و دەڵێت: دەتواندرێت بە ژیریی دەستکرد بڕ و جۆری دەرمانی گونجاو بۆ هەر کەسێک دەستنیشانبکرێت و کاریگەرییە لاوەکییەکانیشیان کەمبکرێنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 2-03-2024 لە سلێمانی سیمپۆزیۆمێک بەڕێوەچوو کە تیایدا باسی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد کرا لە بواری پزیشکی و تەندروستیدا، پڕۆفیسۆر محەممەد عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و مامۆستای زانکۆ دەڵێت: ژیریی دەستکرد داهاتوویێکی پڕشنگداری لە بواری پزیشکیدا دەبێت.
پڕۆفیسۆر محەممەد عومەر گوتی، ژیریی دەستکرد کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمان لەسەر نەخۆش کەمدەکاتەوە، هەروەها گوتیشی، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە هەرێمی کوردستان بایەخی کەمی پێدراوە و بە پێویستیشی دەزانێت کە زانکۆکان پێشەنگبن لە بڵاوبوونەوەی سوودەکانی تەکنەلۆژیاکە.
ژولیان سامان، سەرپەرشتیاری سیمپۆزیۆمەکە و یاریدەدەری تاقیگە لە کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەڵێت: ''ئامانجمان لە سیمپۆزیۆمەکە، روونکردنەوەی ژیریی دەستکردە بۆ بواری دەرمانسازی، بەجۆرێک هەر نەخۆشێک جۆرە دەرمانێک بە بڕی دیاریکراوی بۆ دروستبکرێت و هەر نەخۆشێکیش زانیاریەکانی بە ژیریی دەستکرد بەکاربێن بۆ دروستکردنی دەرمان''.
سیمپۆزیۆمەکە لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەچوو و تیایدا بایەخی ژیریی دەستکرد لە کەرتی پزیشکی و بەتایبەتیش دەرمانسازی روونکرایەوە.
.png&w=3840&q=75)
