رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری بە رووداوی راگەیاند، رێژەی تووشبووانی سوورێژە بەرزبووەتەوە و تەنیا لە مانگی رابردوودا 25 تووشبوو لە نەخۆشخانەکەیان تۆمارکراون.
رێباز باڵەکی، پزیشکی شارەزای نەخۆشییەکانی هەناو لە منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆران بە رووداوی گوت: لە سەرەتای ئەمساڵەوە رۆژانە لانیکەم پێنج تووشبووی سوورێژە لە نەخۆشخانەکەیان تۆمارکراون و بەشێکیشیان بەهۆی سەختیی نیشانەکانیانەوە خەوێندراون.
رێباز باڵەکی گوتی، منداڵانی تەمەن یەک بۆ پێنج ساڵ زۆرترین تووشبووانی سوورێژەن، هەروەها گوتیشی، 60٪ـی تووشبووانیش گیرۆدەی بێهێزی و لاوازین.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سنوورەکە ئاماژە بەوەشدەکات، هەندێک لەو تووشبووانە دووچاری هەوکردنی تووندی سییەکان بوونەتەوە کە یەکێکە لە لێکەوتە باوەکانی نەخۆشیی سوورێژە، ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت.
رێباز باڵەکی دەڵێت: نەخۆشییەکە هیچ چارەسەرێکی نییە، بەڵام لەڕێگەی وەرگرتنی ڤاکسینی شێرپەنجەوە پێشگیری لە نەخۆشییەکە دەکرێت و بە پێویستیشی دەزانێت کە هەموو منداڵێک ڤاکسینەکە لە بنکەکاندا وەربگرێت.
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، سوورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە و تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبێت، هاوکات زیاتر لەنێو منداڵان بەربڵاوە و پێنج رۆژ بەر لە دەرکەوتنی نیشانەکان و پێنج رۆژ دوای دەرکەوتنی نیشانەکان دەشێت بگوازرێتەوە لەڕێگەی 'کۆکین، پژمین و بەرکەوتن'.
ناوەندەکە رێنوێنیی دایک و باوکان دەکات، منداڵەکانیان لەنێوان تەمەنی 12 بۆ 15 مانگی؛ ژەمی یەکەمی ڤاکسینی سوورێژە و لە تەمەنی چوار بۆ شەش ساڵیشدا؛ ژەمی دووەمی ڤاکسینی سوورێژەیان پێبدرێت.


