رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژیی وەرزشی رایدەگەیێنێت، پێش بەربانگ وەرزشی مامناوەند بکرێت و راستەوخۆ دوای بەربانگ بە باشی نازانێت کە هیچ وەرزشێک بکرێت، هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.
د. رێبەند کامەران، پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی وەرزشی و مامۆستای زانکۆ لە بوولتەنی تەندروستیدا ئاشکرای دەکات، کەسی تەندروست ئاساییە پێش بەربانگ وەرزش بکات، بەڵام ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایێنەکانیان هەیە، باشترە وەرزشەکە بخەنە دوای بەربانگ یاخود لەکاتی بەڕۆژووبوونیان وەرزشی مامناوەند بکەن.
د. رێبەند کامەران، پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی وەرزشی دەڵێت: لە مانگی رەمەزاندا بایەخ بە وەرزش بدرێت و هەرکەسێک پێویستە وەرزشێکی تایبەت بە خۆی هەبێت.
بە گوتەی ئەم پسپۆڕەی فیسیۆلۆژیی وەرزشی، راستەوخۆ دوای بەربانگ وەرزش نەکرێت، چونکە جەستە لە ئامادەکاریدایە بۆ هەرسکردنی خۆراک، بۆیە پێشنیازدەکات، دوای کاژێرێک لە بەربانگ، وەرزش بکرێت، بەڵام ئەگەر ژەمێکی قورس بوو، ئەوا بکرێتە دوای دوو کاژێر.
لە بەشێکی قسەکانیدا د. رێبەند کامەران گوتی، ئەوانەی لەکاتی وەرزش تووشی سەرئێشە یاخود سەرسووڕان دەبن، بوەستن لە وەرزش، چونکە دەکرێت لێکەوتی خراپیان لەسەر دروستبکات.
هاوکات رێنوێنیی وەرزشڤانانیش دەکات، لە پارشێودا خۆراکی دەوڵەمەند بە مادەی خۆراکی بخۆن و هەمیشەش ژەمی پارشێویان هەبێت.
لەم بارەیەوە رووداو لە پاڕکێکدا چەند رۆژووەوانێکی دواندووە کە خەریکی وەرزش و رێکردنن و یەکێکیان دەڵێت، دەیەوێت کێشی زیاتر داببەزێت، بۆیە لەگەڵ رۆژووگرتندا وەرزشیش دەکات.
هاونیشتمانییەکی دیکەش دەڵێت: ''لەکاتی بەڕۆژووبووندا نەک تەنیا رێکردن، بەڵکو شاخەوانیش دەکەم''.
.png&w=3840&q=75)