رووداو - تەندروستی
هۆکاری ئاگرەکە هەر چییەک بێت ئەوە بابەتێکی دیکەیە کە لایەنی پەیوەندیدار دەتوانن قسەی لەسەر بکەن، بەڵام پێش وەختە چ شتێک کرابا تاوەکو ئاگرەکە رووینەدابا و لە کاتی روودانیش چ بکرێت باشە؟
خاڵێکی زۆر گرنک کەوا هەستم پێکرد، من کە خۆم خەڵکی ئەم شارەم و چەندجار رێم کەوتووەتە ئەم بازاڕە، تاوەکو ئێستاش بۆ یەک جاریش بێت شارەزای دەرچەکانی ئەم بازاڕە نەبوومە و هەمیشە لێم تێکدەچێت ئەو دەرچانەی کە هاتووچۆی لەسەرە، ئەمە بۆ من وایە، ئەی بۆ کەسێک دەبێت چۆن بێت کە گەشتیارە یاخود هەر شارەزای ئەو بازاڕە نییە!
پرسیارەکە لێرەیە، گەر ئەو رووداوە لە گەرمەی کارکردن بووایە یان لەو کاتە بووایە کەوا خەڵکێکی زۆری تێدایە، خەڵک چۆن دەپڕژا بەسەر یەکتری و دایک منداڵی خۆی لێوون دەبوو، خەڵکی تەنگەتاو دەبوون و سەریان لێدەشێوا، خاوەن دووکان لە خەمی رزگارکردنی دووکانەکەیدا، دایک لە خەمی رزگارکردنی منداڵەکەی، خەڵکی بە تەمەن توانای خۆڕزگارکردنیان نییە و دەبوونە قوربانیی ژمارە یەک و دەکەونە ژێر پێیەکان، زۆربەی کۆڵانەکانیش تەنگن ئەسلەن لەکاتی ئاسایی هەواگۆڕکێی زۆر کەمە، ببینە و بێنە پێش چاوت چ دەگوزەرا؟
بۆیە بە هەلی دەزانم ئەم خاڵانە بخەمەڕوو؛
1- پێویستە هەموو دووکاندارێک یاخود هەر کەسێک لەو بازاڕە کاردەکات هۆشیاریی تەواوی پێبدرێت لە کاتی روودانی ئاگر کە چۆن رووبەڕووی ببێتەوە، جا چ لە رێگەی کردنەوەی خول بێت یاخود هۆشیاریی گشتی بێت بە بڵاوکراوەکان.
2- پێویستە دووکاندارەکان هەموو جۆرەکانی ئاگر کوژێنەوە بناسن و ئاشنای بن بە چۆنیەتیی بەکارهێنانیان و سیناریۆی ئاگرکەوتنەوەی پێش وەختە تاقیبکەنەوە.
3- ئەو جۆرە کەلوپەلانەی کە بۆ سووتان بەهێزن وەکو پەردە، نایلۆن، مادەی پلاستیکی و هەموو ئەو شتانەی کاریگەریی راستەوخۆیان هەیە لەسەر ئاگرکەوتنەوە بەکارینەهێنن یاخود خۆیانی لێبپارێزن.
4- هۆشیاریی ئەو خەڵکانەی لەو بازاڕەن، کاتێک ئاگرێک دەبێتەوە دەبێت زۆر هاوکاریی تیمی ئاگرکوژێنەوە بکەن؛ بەوەی قەرەباڵخی دروستنەکەن و رێگەخۆشکەر بن بۆ چۆڵکردنی شوێنەکە تاوەکو بەزووترین کات کۆنتڕۆڵبکرێت.
5- بەکارهێنانی دەڕابی دژە ئاگری تووند و تۆڵ
6- ئامادەکردنی کەلوپەلەکانی خۆیان زۆر بەباشی و بە سەلامەتی، تاوەکو بۆ هەر دۆخێکی نەخوازراو رزگاریان بکەن و پارێزراوبن، لانیکەم کۆکردنەوەی شتە گرانبەهاکانیان لە ناو شوێنێک تاوەکو راستەوخۆ ئامادەبن بۆ هەڵگرتنیان بە سەلامەتی.
7- دابینکردنی (Fire hydrant) و لە نزیک ئەم شوێنە دابینکردنی سۆندەی تایبەت بە ئاگرکوژێنەوە، نازانم هەیە یان نا، بەڵام وەکو شتە سەرەتاییەکان باسی دەکەم.
8- ئەگەر خاوەن دووکانەکان بڕێکی کەمی بودجەی خۆیان لە دابینکردنی سیستمی ئاگرکوژێنەوەکە بۆ دووکانەکەی خۆیان خەرجبکەن، ئەوا خاڵێکی زۆر گرنگ دەبێت بەوەی یارمەتیی حکومەت دەدات تا ئەو کاتەی کە تیمەکانی فریاکەوتن دەگەن.
9- بەکارهێنانی دەمامکی هەوایی دەستکرد Mini fireman self contained breathing apparatus , بۆ خۆپاراستن لە دووکەڵی رەش لەکاتێک کە کەسێک بیەوێت کەلوپەلی خۆی رزگاربکات، یاخود بریندارەکان رزگاربکات.
10- دەبێت دووکاندار و خەڵکی نێو ئەو بازاڕە و هاوشێوەکانی دەرچەی تایبەت پێبزانن لەکاتی روودانی ئاگر و خۆیان و شتومەکەکانیان لەوێوە دەرباز بکەن.
چەندین چارەسەری دیکە هەن کە دەتوانم بیانخەمەڕوو، بەڵام دەبێت لێکۆڵینەوەی تایبەت و لایەنی پەیوەندیداری تایبەت بەو بوارە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکرێت.
ئەندازیار بڕوا تەها
پسپۆر لە بواری سەلامەتیی کاتی کارکردن
ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بووە سێیەم ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی هەولێر بکەوێتەوە لەماوەی تەنیا دوو مانگ و هەشت رۆژدا.
پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "لە کۆی زیاتر لە 4000 دووکان، 227 دووکان و 7 کۆگەی بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان، دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە."
لەماوەی 68 رۆژدا ئەمە سێیەم ئاگری گەورە بوو بازاڕەکانی هەولێر بسووتێنێت، کە دووانی پێشوو لە بازاڕی لەنگە بوون.


.png&w=3840&q=75)