رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی فریاکەوتن لەنێو ستۆدیۆ چۆنیەتیی رزگارکردنی کەسێک لە خنکان رووندەکاتەوە و دەڵێت: هەر کەسێک لەئاودا دۆخی تێکچوو، پێویستە بە زووترین کات فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ بکرێت و پەیوەندیی بە تیمەکانی فریکەوتنەوە بکرێت.
ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەداتە ئەوانەی کە دەیانەوێت ژیانی کەسێک لە خنکان رزگار بکەن و مەلەوانی نازانن و دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک هەوڵ نەدەن کە بچنە نێو ئاوەکە، چونکە ژیانی دوو کەس دەکەوێتە مەترسییەوە.
د. رێکان محەممەد، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن بەم شێوەیە چۆنیەتیی رزگارکردنی کەسێک لە خنکان رووندەکاتەوە؛
- سەرەتا کەسەکە دەربهێندرێت لەنێو ئاوەکە و ببرێت بۆ شوێنێکی سەلامەت.
- دڵنیایی لە ئاگایی کەسەکە هەبێت، بە پێداکێشان یاخود چاودێریکردنی هەناسەدانی و بانگکردنی.
- ئەگەر کەسەکە وەڵامی هەبوو واتە هۆشدارە و جلوبەرگە تەڕەکانی لاببرێن و جلوبەرگی وشکی تێوە بپێچرێت، تاوەکو پلەی گەرمیی جەستەی دانەبەزێت.
- بەڵام ئەگەر کەسەکە توانای وەڵامدانەوەی نەبوو، ئەوا دڵنیادەبینەوە لە لێدانی دڵی و هەناسەدانی، ئەگەر نەخۆشەکە دڵی کاربکات، ئەوا دەبێت رێکارەکان بۆ کردنەوەی بۆڕی هەناسەی جێبەجێبکرێن.
- بۆ کردنەوەی رێرەوی هەناسەی کەسەکە، بە دەستێک نێوچەوانی و دەستێکی دیکە لەژێر چەناگەی دادەنرێت و سەری کەسەکە بەرزدەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر گومان هەبوو کە زەبری دەرەکی بەرکەوتبێت، ئەوا نابێت ملی بجوڵیندرێت.
- بۆ ئەوەی هەناسەی دەستکرد بۆ کەسەکە بکەین، پاش کردنەوەی بۆڕی هەناسە، دەبێت دەم بخەیتە سەر دەمی کەسەکە، بەجۆرێک بە تەواوەتی داخراو بێت و هیچ هەوایەک دەرنەچێت، بۆیە دەبێت لەکاتی فوو پێداکردندا سیی کەسەکە بەرزببێتەوە، خۆ ئەگەر بەرز نەبێتەوە، ئەوا مانای وایە هەناسەدانەکە سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام ئەگەر سەرکەوتووبێت ئەوا کەسەکە دەستدەکات بە کۆکین و ئاو لە دەمی دێتە دەرەوە، پاشان دەست بە هەناسەدان دەکاتەوە.
- ئەگەر زانرا کەسەکە کێشەی لە لێدانی دڵی هەیە، ئەوا دەستبەجێ پێویستە تەکنیکی سینگە دڵەبووژانەوەی بۆ بکرێت کە پێی دەگوترێت CPR و راستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی 122ـی تیمەکانی فریاکەوتن بکرێت.


.jpeg&w=3840&q=75)