رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی بەریتانی لەبارەی رێژیمی کیتۆوە دەریدەخات، مەرج نییە بۆ هەموو کەسێک گونجاو بێت و رێژیمەکە بەرگریی جەستە لاوازدەکات.
توێژینەوەکە لە زانکۆی باس لە ئینگلاند کرا و دەرکەوت، ئەو بەشداربووانەی کیتۆیان کردووە ئاستی کۆلیستڕۆڵی خوێنیان زیادبووە و لە پشکنینێکیشدا بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵەیان کەمبووەتەوە.
دیلان تۆمپسۆن، نووسەرێکی توێژینەوەکەیە و دەڵێت: ''هەرچەندە رێژیمەکە کاریگەرە بۆ لاوازبوون، بەڵام مەرج نییە بۆ هەموو کەسێک گونجاو بێت، چونکە دەشێت کەسەکە دووچاری چەندین کاریگەریی لاوەکیی ببێت''.
بە پێی توێژینەوەکە، کیتۆ بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵەی کەمکردووەتەوە، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنەکانی ریخۆڵە زیاددەکات و بەرگریی جەستەش لاوازدەکات.
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان دەڵێت، پەیڕەوکردنی رێژیمی کیتۆ مەترسیدارە و ئەوانەشی کە پەیڕەوی دەکەن تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی کێشیان دادەبەزێت.


