رووداو - تەندروستی
راگری کۆلێژی زانست لە زانکۆی سەلاحەدین ئاشکرای دەکات، هەوای هەولێر گەیشتووەتە ئاستێک کە پێویستە هەمووان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، هاوکات دەڵێت: ''ئێستا ماڵەکانیش پێویستیان بە پاککەرەوەی هەوا هەیە''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی ئابی 2024 پڕۆفیسۆر عەبدولکەریم یاسین، پسپۆڕی بایۆتەکنەلۆژیی پزیشکی و راگری کۆلێژی زانست لە زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، حکومەت پێویستە رۆژانە خەڵک لە پیسبوونی ژینگە ئاگاداربکاتەوە، تاوەکو خەڵکیش هاتووچۆ و چالاکییەکانی لە رۆژە پیسەکاندا کەمبکاتەوە.
پڕۆفیسۆر عەبدولکەریم یاسین دەڵێت: ''پێویستە کاری جیدی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەی موەلیدەکان و ئەو ئامێرانەی هەوا پیسدەکەن بکرێت، چونکە وڵاتان بەو شێوەیەی توانیویانە تاڕادەیەکی زۆر رێگری لە پیسبوونی هەوایان بکەن''.
ئەو پسپۆڕە چەند رێنوێنییەک بۆ خۆپاراستن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیسبوونی هەوا باسدەکات لەو کاتانەی کە خەڵک ئاگاداردەکرێنەوە کە کوالێتیی هەوا لە ئاستێکی زۆر خراپدایە وەکو؛
1- بەستنی دەمامکی جۆری N95 و N99 بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە تەنۆلکە زیانبەخشەکان هەوا.
2- مانەوە لە ژوورەوە و دەرگە و پەنجەرەکان بە داخراوی بمێننەوە.
3- دانانی خاوێنکەرەوەی هەوا لەنێو ماڵ Air Purifier بۆ ئەوەی کوالێتیی هەوای ماڵ باشبێت.
4- دوورکەوتنەوە لە بەسەربردنی کات لە نزیک رێگە قەرەباڵخەکان و رێگەوبانەکان، چونکە رێژەیەکی زۆر لە گازی ژەهراوی لەو شوێنانە هەن.
5- دروستکردنی شوێنی سەوزایی و چاندنی نەمام.
6- بایەخدان بە بەکارهێنانی 'گواستنەوەی گشتی، پایسکیل و ئۆتۆمبێلی کارەبایی' بۆ هاتووچۆ یاخود بایەخ بە بەپێ رۆیشتن بدرێت کە ئەمانە رۆڵیان لە کەمکردنەوەی گازی ژەهراویی ئۆتۆمبێلەکان هەیە.
بە گوتەی ئەو پڕۆفیسۆرە، بەشێک لە تەنۆلکەکانی هەوا دەشێت لەڕێگەی هەناسەدانەوە، بچنە نێو خوێن و لەوێشەوە بگەن بە مێشک و ببنەهۆی 'گۆڕانکاری لە ئەنزیم و هۆرمۆنەکانی جەستە و هۆکاریش بن بۆ تووشبوون بە جەڵتەی مێشک و لەبیرچوونەوە'.


