رووداو - تەندروستی
بەبۆنەی یادی مەولوودەوە هەڵمەتێکی خوێنبەخشین بۆ 100 کەسی کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و داواشیان لێکراوە ئەو کەسانە خوێنببەخشن کە خوێنی نێگەتیڤیان هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی ئەیلوولی 2024 لە یادی مەولوود ''لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)'' کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان 100 کەسی ئاگادارکردووەتەوە بۆ بەخشینی خوێن بەتایبەت جۆرە نێگەتیڤەکان، ''چونکە ئەو جۆرە خوێنانە کەمن''.
عەبدولقەهار عەلی، سکرتێری کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان بە رووداوی گوت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن و لەسەر داوای ئەوان هەڵمەتەکەمان بۆ بەخشینی خوێنەکانی (O-)(AB-)(B-) (A-) راگەیاند.
لەگەڵ وەرگرتنی خوێن بۆ نەخۆش، پێویستە خوێن ببەخشرێت و لە جیاتی خوێنی وەرگیراو دابنرێتەوە، عەبدولقەهار عەلی دەڵێت: داوامان کردووە ئەمڕۆ بێ بەرامبەر خوێن بە نەخۆشەکان بدرێت.
خوێنبەخشێک لەسەر تەختی بەخشینی خوێن لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن دەڵێت: ''وەکو ئەرکێکی نیشتمانی هاتووم خوێن ببەخشم''.


