رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆلێژی لەندەن لە بەریتانیا ئاشکرای کردووە، کەسانی تووشبووی لاوازیی تەرکیز و فرەجووڵەیی ADHD تەمەنیان کورتترە و مەترسیی تووشبوونیان بە کێشە دەروونییەکان زیاترە.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەو پیاوانەی ADHDیان هەیە نزیکەی 4.5 بۆ 9 ساڵ تەمەنیان کورتترە، لەکاتێکدا خانمان نزیکەی 6.5 بۆ 11 ساڵ تەمەنیان کەمترە بەراورد بە کەسانی ئاسایی.
د. لیز ئۆنیۆنس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی زۆر کەسی خاوەن ADHD ژیانێکی درێژ و تەندروستیان هەیە، بەڵام دۆزینەوەکانمان پێشاندەدات کە پێویستیان بە پشتگیریی زیاترە."
توێژینەوەکە کە زیاتر لە 30 هەزار کەس بەژداریان تێدا کردووە، ئاشکرای کردووە کەسانی خاوەن ADHD زیاتر تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، خۆئازاردان، کێشەی کەسایەتی، جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحولی و نەخۆشیی شەکرە و کۆلیسترۆڵی بەرز دەبن.
بەگوێرەی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستی لە بەریتانیا، لانیکەم 3٪ بۆ 4٪ی گەورەساڵان و 5٪ی منداڵان ADHD-یان هەیە.



