رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، پیاوان بەرامبەر بە خانمان دوو هێندە زیاتر بەهۆی دڵشکانەوە گیان لەدەستدەدەن.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئاریزۆنا لە ئەمریکا کراوە و ئاشکرای دەکات، هەرچەندە خانمان زیاتر تووشی "دیاردەی دڵشکان" دەبن، بەڵام پیاوان دوو هێندە زیاتر بەهۆی ئەم حاڵەتەوە گیان لەدەستدەدەن، ئەمەش مەترسییەکانی گوشاری دەروونی و جەستەیی لەسەر دڵ دەخاتەڕوو.
توێژەرانی زانکۆی ئاریزۆنا لە ئەمریکا، داتای نزیکەی 200 هەزار نەخۆشییان لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2020 شیکردووەتەوە و دەرکەوتووە، رێژەی ئەو پیاوانەی بەهۆی دڵشکانەوە گیانیان لەدەستداوە 11.2٪ بووە بەڵام خانمان 5.5٪ بووە، کە ئەمەش دەکاتە نیوەی رێژەی پیاوان.
ئەم حاڵەتە لەڕووی زانستییەوە بە نەخۆشیی ماسوولکەی دڵی تاکۆتسوبۆ ناسراوە، کە بریتییە لە لاوازبوونی ماسوولکەی دڵ بەهۆی گوشاری دەروونیی تووندی جەستەیی یان سۆزدارییەوە.
د. محەممەد رەزا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە زانکۆی ئاریزۆنا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین کاتێک بۆمان دەرکەوت رێژەی مردن بەهۆی دیاردەی دڵشکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزە".
د. محەمەد رەزا دەڵێت، دیاردەی دڵشکان بەهۆی زیاد دەردانی هۆرمۆنەکانی سترێسەوە روودەدات، کە لە ئەنجامی گوشارێکی جەستەیی یاخود گوشارێکی سۆزداری دروست دەبێت.


