رووداو - تەندروستی
کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی توێژەرانی نەخۆشییەکانی میزەڕۆ لە تورکیا رایدەگەیێنێت، ئەو پیاوانەی لە مێژووی خێزانەکەیان تووشبووی شێرپەنجەی پڕۆستات هەیە یاخود ئەو پیاوانەی گەیشتوونەتە سەروو 45 ساڵ، پشکنینی شێرپەنجەی پڕۆستات بکەن.
پڕۆفیسۆر د. فاتیح ئاتوغ، سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی توێژەرانی نەخۆشییەکانی میزەڕۆ لە تورکیا رایگەیاند، شێرپەنجەی پڕۆستات یەکێکە لە شێرپەنجە هەرە باوەکانی نێو پیاوان لە تورکیا و زۆرجاریش لە قۆناخە سەرەتاییەکان نیشانەکانی دەرناکەون، بەڵکو لە پشکنینە تاقیگەییەکاندا دیار دەبێت.
پڕۆفیسۆر د. فاتیح ئاتوغ دەڵێت: لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکەش زیاد دەبێت و ئەگەر پیاوێک براکەی یان باوکی تووشبووبێت، ئەوا دەبێت بچێت پشکنینی شێرپەنجەکە بکات.
پشکنینی شێرپەنجەی پڕۆستات بە دوو رێگە دەکرێت؛ بەشێوەی سەریری لەلایەن پزیشك و بە پشكنینی خوێن کە ناسراوە بە PSA و لە تاقیگەکان بەردەستە.



