رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی گورچیلە لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند کە بەشی شووشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەکانی شارەکە بەهۆی نەبوونی ئامێری پزیشکییەوە بەتەواوی وەستاوە.
د. خەیرەدین خەلیل، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە ئاماژەی بەوە کرد کە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە گورچیلە لە قامشلۆ زۆرن و لە ئێستادا ناتوانن چارەسەری پێویست بۆ ئەو نەخۆشانە دابین بکەن کە پێویستیان بە شووشتنی گورچیلەیە.
د. خەیرەدین خەلیل گوتی، "نەخۆش هەیە پێویستی بە شووشتنی گورچیلەیە و ناتوانین بۆی بکەین."
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی گورچیلە، هۆکاری ئەم کێشەیەی بۆ کەمیی ئامێری پزیشکی و کاریگەریی گەمارۆکان گەڕاندەوە و داوای کرد کە "گەمارۆکان بکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری نەخۆش بکەین."
لە کۆتاییدا، د. خەیرەدین خەلیل، داوای هاوکاریی لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "داوا لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکەین زیاتر هاوکاریمان بکەن."


