رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان بە "هەموو رێگەیەک" هەوڵی سەرکەوتنی رێککەوتنی ئاگربەست دەدات کە ماوەی جێبەجێکردنی هەر سێ قۆناخەکەی 126 رۆژە، چونکە "خوازیار"ـی راگرتنی جەنگن لەسەر گەلەکەیان.
باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12ی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات، رۆژی پێنجشەممە (23ـی کانوونی دووەمی 2025)، هیوای خواست نێوەندگیرەکان کە قەتەر، میسر و ئەمریکان وەک گەرەنتیکار "ئیسرائیل ناچار بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بکەن بەگوێرەی ئەوەی لە دەقەکانیدا هاتووە."
هەروەها هیوای خواست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "گوشاری پێویست" بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ پابەندبوون بەم رێککەوتنە و "رێککەوتنەکە بکرێتە بەشێک لە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش."
نەعیم باسی ئاوەدانکردنەوەی غەززەی کرد و رایگەیاند: "بنیانتناوەی غەززە پێویستی بە 80 تاوەکو 100 ملیار دۆلارە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ باسم نەعیم:
رووداو: وردەکارییەکانی نێوەرۆکی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل چین؟
باسم نەعیم: سوپاس بۆ ئێوە و بینەرانی بەڕێزتان. ئەو رێککەوتنەی لە 19ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ واژۆ کرا، لە سێ قۆناخ پێکدێت و هەر قۆناخێک 42 رۆژ دەخایێنێت، بە واتایەکی دیکە ماوەی گشتی رێککەوتنی ئاگربەستەکە 126 رۆژە.
لە قۆناخی یەکەمدا کە بە قۆناخی مرۆیی ناودەبرێت، ئەم خاڵانە جێبەجێ دەکرێن:
- دوژمن لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون دەکشێتەوە بۆ ناوچەکانی نزیک سنوور.
- ئاڵوگۆڕی بەندکراوان بە قۆناخ دەکرێت، هەر هەفتەیەک خولێکی ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
- دەروازەکان بە تەواوی دەکرێنەوە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی، خۆراک، دەرمان، چادر و پێداویستییەکانی نیشتەجێبوون.
- لە رۆژی حەوتەمەوە رێگە بە گەشتی هاووڵاتیان دەدرێت بە هەردوو ئاراستەدا، بەتایبەت نەخۆش و بریندارەکان.
- دانیشتووان دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان، بەتایبەت ئەوانەی لە باکوورەوە بۆ باشوور ئاوارە بوون.
ئەم رێککەوتنە هەمان ئەو رێککەوتنەیە کە لە ئایاری رابردوودا لە رێگەی ئیدارەی ئەمریکا و نێوەندگیرەکانەوە پێشکێشکرا و دواتر بووە بەشێک لە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش. ئێمە لە هەموو حاڵەتەکاندا پێشوازیمان لێکرد، بەڵام بەداخەوە حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی نەتەنیاهوو رەتیکردەوە.
رووداو: رۆژی شەممە قۆناخی دووەمی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان و زیندانییانی فەلەستینیی نێو زیندانەکانی ئیسرائیلە، وردەکارییەکەی چۆنە و چەند بارمتە و زیندانی ئازاد دەکرێن؟
باسم نەعیم: رێککەوتنێکی تایبەت بە بەندکراوان هەیە، لە بەرامبەر هەر بەندکراوێکی ئیسرائیلیدا ژمارەیەک بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن، بەتایبەتی بەتەمەن، ژن، نەخۆش و کەسانی سەربازی. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆی قۆناخی یەکەمدا نزیکەی 240 بەندکراوی فەلەستینی کە حوکمی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە و نزیکەی 700 بەندکراوی دیکە کە حوکمی قورسیان هەیە، ئازاد بکرێن.
بەشێک لە بەندکراوە ئازادکراوەکان بۆ دەرەوەی فەلەستین دوور دەخرێنەوە، سەرەتا بۆ میسر و دواتر بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی دیکە. ئەم پرۆسەیە لە قۆناخەکانی دواتری دانوستاندنەکان بەردەوام دەبێت.
رووداو: ئێستا چەند بارمتە لە ژیاندا ماون لە غەززە؟
باسم نەعیم: ئێستادا قۆناخی یەکەمدا دانوستاندن لەسەر 33 بەندکراوی ئیسرائیلی دەکرێت. هێشتا روون نییە کە لەو 33 کەسە چەندیان زیندوون و چەندیان گیانیان لەدەستداوە. لە کۆتایی قۆناخی یەکەمدا ئەو 33 کەسە ئازاد دەکرێن، تەرمی ئەوانەشی کە لە بۆردوومانەکاندا کوژراون، لە بەرامبەر ژمارەیەک بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن.
رووداو: وێرانییەکی زۆر لە غەززە هەیە، خەڵک چۆن دەژین و چۆن هاوکاریی خەڵک دەکرێت بۆ ئەوەی دەست بە ژیان بکەنەوە؟
باسم نەعیم: دوای واژۆکردنی ئاگربەستەکە، ئاڵنگارییەکی گەورەمان لەبەردەمە: چۆن خەڵک دەگەڕێنەوە ماڵ و قوتابخانە و مزگەوتەکانیان. پرۆتۆکۆلێکی مرۆیی هاوتەریب لەگەڵ رێککەوتنی ئاگربەستەکە واژۆ کراوە، کە رێگەخۆشکەرە بۆ فریاکەوتنی خەڵک بە خۆراک، خواردنەوە، دەرمان، سووتەمەنی و دواتر دابینکردنی چادر و خانووی کاتی.
پلان هەیە بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی گەورە بە مەبەستی کۆکردنەوەی هەموو لایەنە کاریگەرەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی پارەی پێویست بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە، کە نزیکەی 70٪ بۆ 80٪ـی وێران بووە. وێرانکارییەکە تەنیا خانووەکان ناگرێتەوە، بەڵکو قوتابخانە، زانکۆ، نەخۆشخانە، کڵێسا، ژێرخان و بیرە ئاوەکانیش دەگرێتەوە. ئێمە لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەداین و پێموایە ئەمە گرنگترین تاقیکردنەوە دەبێت بۆ ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە چۆن دەتوانین یارمەتی گەلی فەلەستین لە غەززە بدەین بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی.
رووداو: هیچ مەترسی و رێگرییەک هەیە لە بەردەم جێبەجێبوونی ئاگربەستەکە؟
باسم نەعیم: دووپاتی دەکەینەوە پابەندین بە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە و بە هەموو رێگەیەک هەوڵدەدەین سەرکەوتوو بێت، چونکە ئێمە خوازیاری راگرتنی جەنگ و دوژمنکارین دژی گەلەکەمان. هیوادارین نێوەندگیرەکان کە گەرەنتیکارین - قەتەر، میسر و ئەمریکا - دووژمن ناچار بکەن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەپێی دەقەکانی.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین گوشاری پێویست بخاتە سەر دووژمنی زایۆنی بۆ پابەندبوون بەم رێککەوتنە و بیکاتە بەشێک لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش. بەڵام ئێمە دڵنیا نین کە دوژمن لە هەر ساتێکدا رێککەوتنەکە پێشێل نەکات و دەست نەداتە تیرۆرکردن یان کوشتن لێرە و لەوێ. تەنیا رێگەمان ئەوەیە کە گەلی فەلەستین و بەرخۆدانەکەمان هەوڵی سەرکەوتنی رێککەوتنەکە بدەین، بەڵام ئەگەر ئەو سوور بوو لەسەر پێشێلکردنی رێککەوتنەکە، بێگومان مقاوەمە وەڵام دەداتەوە.
رووداو: سوپای ئیسرائیل لە دەروازەی رەفەح دەکشێتەوە یان دەمێنێتەوە؟
باسم نەعیم: لە قۆناخی یەکەمدا بۆ سنووری کەرتی غەززە دەکشێتەوە. لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناخی دووەم، دەست دەکات بە کشانەوە لە کەرتی غەززە. لەگەڵ کۆتایی قۆناخی دووەم، دەبێت هێزەکانی داگیرکەر لە هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە بکێشتەوە، کە دوای حەوتی ئۆکتۆبەر داگیری کردوون.
رووداو: بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکان لە غەززە وێران بوون، هیچ هەوڵێک هەیە بۆ بردنە دەرەوەی نەخۆش و بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر؟
باسم نەعیم: بەپێی رێککەوتنەکە، لە رۆژی حەوتەمی دەستپێکردنی رێککەوتنەکە، دەروازەی رەفەح دەکرێتەوە بۆ گەشتی هاووڵاتیان بۆ دەرەوە لە رێگەی میسرەوە. پێشینە بۆ بریندار و نەخۆشەکان و دواتر هاووڵاتیی ئاساییە.
باسم نەعیم: سەرەتا رێککەوتن لەسەر ژمارەیەکی سنووردار کراوە؛ 50 بریندار و 50 نەخۆش، بەڵام بێگومان ژمارەی پێویست زۆر زیاترە. نزیکەی 120 هەزار بریندار هەن، بەڵام بەلایەنی کەمەوە 10 بۆ 12 هەزار بریندار پێویستیان بە چارەسەرە لە دەرەوەی کەرتی غەززە، لەبەر وێرانکاریی گەورەی کەرتەکە. هەروەها هەوڵدەدەین شارەزایان لە دەرەوە بێنین بۆ یارمەتیدان و چارەسەرکردنی بەشێک لە بریندارەکان لە ناوەوەی کەرتەکە.
رووداو: لەبارەی هاوکارییە مرۆییەکانەوە لە چەند رۆژی رابردوودا خۆراک، کەلوپەل و پێداویستیی پێویست گەیشتوونەتە غەززە؟
باسم نەعیم: لە رۆژی یەکەمەوە هاوکارییەکان لە رێگەی پێنج خاڵی سنوورییەوە دەگەیێندرێنە نێو کەرتی غەززە، دەروازەی رەفەح و چوار دەروازەی دیکە کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلدان. بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە فەلەستینییەکان لە ناو کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن. بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت رۆژانە 600 بارهەڵگر بێنە ناوەوە کە خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی و پێداویستیی دیکەیان پێیە.
رووداو: ئاوەدانکردنەوەی غەززە لەڕووی کات و پارەوە چەندی پێویستە؟
باسم نەعیم: دۆخەکە زۆر سەختە و وەک گوتمان ماڵی خەڵک وێران بووە، قوتابخانەکانیان وێران بووە. لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا کەس نەیتوانیوە کار بکات یان هیچ پارەیەک پەیدا بکات. بۆیە دۆخی دارایی و ئابووری خەڵک زۆر سەختە و بۆ ماوەیەکی درێژ پشت بە هاوکارییەکانی دەرەوە دەبەستن.
گەڕاندنەوەی ژیان بۆ کەرتی غەززە پشت بە چەند فاکتەرێک دەبەستێت، لەوانە بەردەوامی ئارامی و ئاگربەست و پابەندبوونی دووژمن بە کردنەوەی هەموو دەروازەکان بۆ هێنانی پێداویستییە گرنگەکان. هەوڵی هەرێمایەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی پارەی پێویست، چونکە کەرتی غەززە پێویستی بە نزیکەی 80 بۆ 100 ملیار دۆلارە بۆ دووبارە بنیاتنانەوە.
رووداو: لەبارەی چارەنووسی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەمال عەدوانەوە هیچ زانیارییەکتان لایە؟
باسم نەعیم: سەبارەت بە دکتۆر حوسام ئەبو سەفییە، تاوەکو ئێستا ئەوەی پێمان گەیشتووە لە بەندکراوە ئازادکراوەکانەوە لە بەندیخانەی سیدی تیمان بینیویانە. بەداخەوە چەند بەندکراوێک کە ئازاد کراون دەڵێن رووبەڕووی لێدانی تووند و سووکایەتی و تۆمەتی ناڕەوا کراوەتەوە. تاوەکو ئێستا دووژمن بە فەرمی دان بەوەدا نانێت کە دکتۆر حوسام ئەبو سەفییە لای ئەوانە و نکۆڵی دەکات، سەرەڕای ئەوەی هەموو بەندکراوە ئازادکراوەکان دەڵێن لە بەندیخانە و گرتووخانە چاویان پێی کەوتووە و تووشی لێدانی تووند و سووکایەتی هاتووە.


