رووداو دیجیتاڵ
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتیی تورکیا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا تیشک دەخاتە سەر پشتیوانیی بەرچاوی رای گشتی بۆ پرۆسەی چارەسەری و سێ ئەرکی لیژنە پەرلەمانییەکەی تایبەت بە پرۆسەکەش ئاشکرا دەکات.
جەنگیز چاندار رایگەیاند، سەرەڕای بوونی بێمتمانەیی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر حکومەت، پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان پشتیوانییەکی جەماوەریی بەرفراوانی هەیە کە دەگاتە نزیکەی 70%ی کۆمەڵگەی تورکیا و باکووری کوردستان.
جەنگیز چاندار ئاماژەی بەوەدا ئەم پرۆسەیە هێشتا لە قۆناخی سەرەتادایە و لە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ وەستاندنی خەباتی چەکداری لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە، ئێستا گرنگترین هەنگاو چارەسەرکردنی پرسی گەریلاکان و تێکەڵکردنەوەیانە بە کۆمەڵگە.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی تیشکی خستە سەر رۆڵی گرنگی ئەو لیژنەیە بە بەشداریی زۆرینەی پارتەکان (نوێنەرایەتیی 90%ی دەنگدەران) پێکهێندراوە. بە گوتەی چاندار، ئەم لیژنەیە "یەکەمجارە لە مێژووی تورکیادا" بۆ ئەم مەبەستە پێکدێ و ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە:
1. ئامادەکردنی یاسای گەڕانەوە: دانانی رێکار و زەوینەی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەو گەریلایانەی چەندین ساڵە لە چیان.
2. چارەسەرکردنی دۆخی زیندانیان و هەڵاتووان: دەرکردنی یاسایەک بۆ ئەو هەزاران کەسەی بەهۆی پەیوەندییان بە پەکەکەوە زیندانیکراون یان لە دەرەوەی وڵاتن.
3. گۆڕینی تێڕوانین بۆ زاراوەی "تیرۆریست": کارکردن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بەبێ بوونی بەڵگەی تاوانی دیاریکراو و تەنیا بەهۆی ئەندامێتییان لە پەکەکە بە "تیرۆریست" ناوزەد کراون، ئەو تۆمەتەیان لەسەر هەڵبگیرێت.
جەنگیز چاندار گوتی، کۆمەڵگەی تورکیا، بە کورد و تورکەوە، لە شەڕ ماندوو بووە و خوازیاری چارەسەرێکی هەمیشەییە.
دەقی هەڤپەیڤینی هیوا جەمال لەگەڵ جەنگیز چاندار
رووداو: ئێستا پرسیاری سەرەکی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەوەیە، ئایا بە گشتی خەڵک بەدەم پرۆسەکەوە دەچن یان نا؟ دەمەوێ بەم پرسیارە لەگەڵ بەرێز جەنگیز چاندار دەستپێبکەم کە هەمووتان دەیناسن.
جەنگیز چاندار: رێز و سڵاوم ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەم.
رووداو: ئێستا لە تورکیا و باکووری کوردستان خەڵک بە گەرمی بەدەم پرۆسەی ئاشتییەوە دەچن؟
جەنگیز چاندار: ئەم پرۆسەیە تابڵێی پرۆسەیەکی داخراوە، پرۆسەیەکی زۆر بێگەرد نییە. بەگوێرەی ئەوەی لە رای گشتی دەبینرێ، بەگوێرەی راپرسییەکان، لانیکەم 72٪ تاوەکو 73٪ هەروەها کوردانیش بە زیاتر لە 70٪ پشتیوانی دەکەن، ئەمە گرنگە. بێگومان کورد رۆڵی هەیە لە دابەزاندنی رێژەی متمانە، ئەمەش بەتایبەتی بێ متمانەیی جەماوەری ئۆپۆزیسیۆنە بەرامبەر حکومەت، بەتایبەتتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەڵام دیسانەوە پشتیوانیی 70٪ـی خەڵک بۆ پرۆسەکە گرنگە. هەروەها لایەنێکی دیکەی گرنگ کە لە کۆبوونەوەکان باسکراوە، ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان پێکهێندراوە، ئۆپۆزیسیۆنی گەورەی وەک جەهەپەی لەگەڵە، کەواتە لیژنەکە لەلایەن 90٪ی دەنگدەرانی تورکیاوە نوێنەرایەتی دەکرێ. جگە لە پارتێکی تورکپەرست، هەمووان بەشدارییان لە لیژنەکەدا کردووە. ئەمەش بە واتای 90٪ی دەنگدەران دێ. بەڵام بەگوێرەی راپرسییەکان، 70٪ی خەڵک پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن. ئەم رێژەیە بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەکە باشە و بەگوێرەی پێویستە.
رووداو: لە تورکیادا دوو بیرکردنەوەی دژ بەیەک هەن؛ یەکێکیان دژی تورکە و ئەوەی دیکە دژی کورد. چۆن ئەو پرۆسەی چارەسەرییە لەو دووانە دەگەیەنرێ کە ماوەی دەیان ساڵە کار لەسەر مێشکی هەندێک خەڵک دەکەن بۆ دژایەتیی کورد یان تورک؟
جەنگیز چاندار: بەگوێرەی ئەوەی من دەیبینم، لە هەرێمی کوردستاندا رێک هاوشێوەی تورکیا، لە بابەتی پرۆسەکە ئاڵۆزییەک لە مێشکی خەڵکدا هەیە. ئێمە هێشتا لە پرۆسەی چارەسەریدا نین، پەکەکە چەکی دانا و خۆی هەڵوەشاندەوە. ئێمە ئەمە وەک چوونە نێو پرۆسەیەک دەبینین. بەڵام ئەمە پرۆسەکە خۆی نییە! پرۆسەکە تاوەکو ئەمڕۆ گەیشتووە بەم بانگەوازەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کردی کە بانگەوازەکە لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە داواکرابوو، هاوکات ئەنجامێک بوو بەدڵی دەسەڵات بوو، بەدیهات. بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا بەدیهاتووە سووتاندنی چەکەکان بوو، هەروەها ئەوە بوو پەکەکە گوتی؛ ئیمە خەباتی چەکداریمان دژی تورکیا وەستاند. باشە چارەنووسی پەکەکەییەکان چی دەبێ؟ ئایا چۆن تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەبنەوە؟ ئێستا لیژنەکەی پەرلەمان باسی ئەمانە دەکات. پرسیارەکەی ئێوە لەبارەی چارەسەریی کێشەی کوردە. هێشتا نەچووینەتە ئەوێ. بەڵام دەکرێ بڵێم؛ بە گشتی کۆمەڵگە بە تورک و کوردەوە لەم پشێوی و کێشەیە ماندوو بوون، هەروەها دەیەوێ ئەمە کۆتایی بێ و چارەسەر بکرێ. ئەگەر ئەمە لەدوای قۆناخی چەکدانان لە سەر زەوینەیەکی یاسایی تەندروست کاری بۆ بکرێ، پرسیارەکەی ئێوە ئاسانتر وەڵام دەدرێتەوە، چونکە لە تورکیا و کورد لە بابەتی داواکاریی ناساندنی کوردبووندا کێشەیان نییە، لەبارەی تورکەکانیش، ئەگەر دەوڵەت ئەمە بە ئامانج بزانێ، چونکە تورکەکان گوێ لە دەوڵەت دەگرن، ئەوکات بابەتەکە رێچکەی خۆی دەگرێت. دەولەت باخچەلی گەورەترین نوێنەری نەتەوەیی تورکەکانە و هاتووەتە ناو پرۆسەکە، هاوکات بەردەوام باسی برایەتیی تورک و کورد دەکات، ئەمە بۆ داهاتوو هیوابەخش و بەسوودە.
رووداو: رێگەچارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەسێک کە گەریلایە و چەکی هەڵگرتووە، 40-35 ساڵە لە قەندیلە، کاتیک دەچێتەوە نێو شار، رەنگە وەکو کەسێکی تیرۆریست سەیر بکرێ، چی بکرێ بۆ ئەوەی کۆمەڵگە، بەتایبەتیش کۆمەڵگەی تورکی ئەو کەسە قبووڵ بکاتەوە؟
جەنگیز چاندار: لەراستیدا ئەمە بابەتەکەیە، ئێستا هەڵوەستە لەسەر ئەمە دەکرێ. ئەو لیژنەیەی پەرلەمان لەبەر ئەمە پێکهێنرا. هەروەک گوتم، جگە لە پارتێکی بچووک، تەواوی پارتەکانی تورکیا بەم ئامانجە رازی بوون بەشداری لە لیژنەکەدا بکەن. یەکەمین ئەرکی لیژنەکە ئامادەکردنی یاسایە. ئەم یاسایە بە یاسای گەڕانەوە دەناسرێ. پەکەکەییەکان یان گەریلاکان هەروەکو ئێوە دەڵێن، 40 بۆ 41 ساڵە چەکیان لە دەستە، بگەڕێنەوە تورکیا و زەوینەسازییان بۆ بکرێ تاوەکو تیکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە. دووەمینیان یاسای سزادانە؛ ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی ئەندامێتی یان بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە لە زیندانن یان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت یان لە تاراوگەن، ئەوانە هەزاران کەسن و لە ئەورووپا و شوێنی دیکەی جیهانن. ئینجا گەڕاندنەوەی ئەمانە کاری لیژنەکەیە. ئەو لیژنەیە دەبێ رەشنووس ئامادە بکات و بیهێنێتە پەرلەمان، بەهۆی ئەوەی زۆربەی پارتەکان نوێنەرایەتیی دەکەن، لە پەرلەمان تێدەپەڕێت، راستە ئەمە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام کارەکە گوزارشتە لەمە.
رووداو: ماوەی 40 ساڵە، بۆ نموونە کەسێک 30 ساڵ پێش ئێستا لەدایکبووە، بۆ نموونە لەدایکبووی 1990ـــە، کاتێک چووەتە قوتابخانە پێێانگوتووە تیرۆریست هەیە. ئێستا چۆن ئەوە لە مێشکی ئەو گەنجە دەربهێنرێت کە ئیدی ئەندامێکی پەکەکە تیرۆریست نییە؟
جەبگیز چاندار: ئیدی لیژنەکە بەم مانایە دێ. لە مێژووی تورکیادا یەکەم جارە لە پەرلەمان لیژنەیەک بۆ ئەم مەبەستە پێکدەهێنرێت. تەواوی پارتەکان رازی بوون کە بەشدار بن.لیژنەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی پەرلەمان کاردەکات. هەفتانە دوو سێ رۆژ کۆدەبێتەوە. ئامانجی دامەزراندنی ئەو لیژنەیە هەنگاوی پێویستە لەدوای پرۆسەی چەکدانان و ئامادەکردنی یاسا پێویستەکان. هەر بۆیە کەمێک لەمەوبەریش گوتم، هەر کاتێک لیژنەکە رەشنووسی هەمواری یاسایی ئامادەکرد بۆ گەڕانەوەی گەریلاکان و بابەتی دەرچوونی ئەوانەی لە گرتووخانەن، بەهۆی ئەوەی پارتەکان ئەندامیان لە لیژنەکەدا هەیە، ئەو رەشنووسە لە پەرلەمان دەبێتە یاسا. دواتر ئەمە لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێ. گرنگ ئەوەیە بگەینە ئەو قۆناخە، ئەگەرنا کارەکە لەلایەن لیژنەکەوە بە ئاسانی دەکرێت.
رووداو: تاوەکو ئێستا ئەگەر کەسێک بەڵێی بۆ پەکەکە بکردایە یان پەکەکەی بەدڵ بووایە لە تورکیا، یاسا بە حوکمی تیرۆر دەیگرت. لەو بڕوایەدای ئەگەر لەمەودوا کەسێک بە ئەندامێکی گەڕاوەی پەکەکە بڵێت تیرۆریست، یاسا بیگرێت؟
جەنگیز چاندار: بابەتەکە ئەمەیە و لیژنەکە بۆ ئەم مەبەستە دانراوە.پێویستە واز لەو شتانە بێنین کە پێشتر لێی راهاتووین. ئەم لیژنەیە رێک بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنداوە. یەکەم، زەوینەسازی بۆ گەڕانەوەی پەکەکەییەکان. دووەم، ئەوانەی بەهۆی پەکەکە لە گرتووخانەن یان هەڵاتوون و لە دەرەوەن، بگەڕێندێنەوە. ئینجا بۆ ئەم مەبەستە رێکاریی یاسایی دەگیرێتەبەر و بڕگەکان ئامادە دەکرێن. ئەوانەی بەهۆی ئەندامیەتییان لە ریکخراوەکە و بە تیرۆریست لە قەڵەم دراون و گیراون، یان لێپرسینەوەیان لەسەرە، کاتێک رێکخراو نامێنێت، ئەو دۆخانەش نامێنن و لەرێی یاساوە رێکدەخرێن. دەزانرێت پەکەکەییەکان چەکیان هەڵگرتووە، مەگەر ئەوانەی ناویان هەیە بۆ بابەتێک دەستنیشان بکرێن.بۆ نموونە، ئەگەر بەڵگەیەکی وەها نەبوو، با بڵێین جەنگیز چاندار لە فڵان رۆژدا تەقەی لەو کەسە کرد و کوشتی ئەمە جیایە بەڵام ئەگەر تەنیا ئەندامی پەکەکەیە، دەڵێن چووە قەندیل و چەکی لەدەست بوو، دەبێت بپرسین باشە چی کرد؟ ئایا لە ناو تورکیا هیچی کرد؟ لە رووداوێکی دیاردا کەسێکی کوشتووە؟ ئەگەر بەڵگەیەکی بەرجەستە نەبێت، دەتوانێت بگەرێتەوە، لێرەدا گرنگیی ئەو دۆخە نوێیەی دروست دەبێت رێک ئەمەیە.پەرلەمان لیژنەیەکی بە بەشداریی تەواوی پارتەکان دروستکردووە. جگە لەوەی ئەوان پەکەکەیین و چوونەتە شاخ و پێیان گوتراوە تیرۆریست، ئەگەر بەڵگەیەکی وا نەبێت، هەر کێ هەبێت و پێی گوترابێت تیرۆریست، دەبێت ئەو دۆخە کۆتایی بێت، ئەوکات دەبێت ئەو کەسانە ئەگەر لە دەرەوەن بگەرێنەوە تورکیا، ئەگەریش لە ژوورەوەن دەرگەی گرتووخانەیان بۆ بکرێتەوە.
رووداو: لە عێراق دەڵێن ئەگەر ویستت کارێک نەکەیت، لیژنەی بۆ پێکبهێنە. ئایا سپاردنی پرۆسەی ئاشتی بە لیژنەیەک، مانای ئەنجامدانییەتی یان ئەنجامنەدانی؟
جەنگیز چاندار: نەخێر! لێرەدا شتێکی وەها لە ئارادا نییە. لە زمانی تورکیدا هەمان گوتە هەیە. دەڵێن ئەگەر دەتانەوێ کاریک نەکەن، رادەستی لیژنەی بکەن. ئێمە ئەم گوتەیە دەزانین و بەکاری دەهێنین، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە پێچەوانەیە و ئەو لیژنەیە بۆ چارەسەرکردنی کارەکەیە. رۆژی 1ی ئەیلوول رۆژی جیهانیی ئاشتی بوو، جا ئێستا کاتی ئەوەیە بە هیوا و گەشبینییەوە قسە لەسەر ئاشتی بکەین.
رووداو: هیوات بەم لیژنەیە هەیە؟
جەنگیز چاندار: ئەم کێشەیە لەڕووی پێکهاتەکەیەوە زۆر گشتگیرە، هەروەها لەبەر ئەوەی کێشەیەکە رابردوویەکی گەورەی خوێناوی و پڕ لە خەمی هەیە، هەروەها لەبەر ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ زۆر دەستپێشخەری لەمبارەیەوە هەرەسیان هێناوە، من دەڵێم باشترە بە وریاییەوە مامەڵە بکرێ. گەشبینیت؟ بەڵێ گەشبینم. بەڵام بە وریایی و رێ و شوێنەوە گەشبینم.


