رووداو دیجیتاڵ
مەهدی ئێكەر، وەزیری پێشووی کشتوکاڵ و خۆراکی تورکیا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باس لە دوایین پێشهاتەکانی پرسی کورد لە تورکیا، کاری کۆمسیۆنی "رێککەوتنی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی"، ئەگەری گۆڕانکاری لە دەستوور و پرسی زمانی کوردی دەکات.
سەبارەت بە کاری کۆمسیۆنەکە، ئێكەر رایگەیاند، کارەکانی بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی ئەوەیە ئەندامەکان، نوێنەرایەتی زیاتر لە 90%ـی گەلی تورکیا دەکەن، گوێ لە یەکتر بگرن و بیروڕا بگۆڕنەوە. وەک ئەو دەڵێت، "کاتێک هەموو لایەنەکان گوێ لە یەکتر دەگرن و یەکتر تێدەگەن، بیرێکی هاوبەش و ئامانجێکی هاوبەش دروست دەبێت." جەختیشی کردەوە کە کۆمسیۆنەکە بۆ بڕیاردان نییە، بەڵکو بۆ دروستکردنی تێگەیشتنێکی هاوبەشە کە لە داهاتوودا سوودبەخش دەبێت بۆ یاسا نوێیەکان.
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی نەخشەڕێگەی چەکدانانی پەکەکە، ئێكەر ئاماژەی بەوەدا کە "ئەمە پڕۆسەیەک نییە بڵێین، بەیانی کۆتایی دێت." بەڵکو دانانی چەک سیمبولییە و واتای "من چیتر چەک لە دژی تۆ بەکار ناهێنم." دەگەیەنێت. ئەو پێی وایە پڕۆسەکە لە دەستی پەرلەماندایە و پەرلەمانتاران پەیوەندییان لەگەڵ گەلدا هەیە. ئێكەر گوتی: "پێویست ناکات مرۆڤ زۆر پەلە بکات... بە سەبر و بە وریایی، بە بڕیارداری و بە زاناییەوە بەرەو پێش بچین."
سەبارەت بە زمانی کوردی، ئێكەر باسی لەوە کرد، زمانی کوردی وەک وانەیەکی بژاردە لە پەروەردەدا هەیە و لە زانکۆکانیشدا بەشی کوردۆلۆجی هەیە. "پێشتر ئەم شتانە مەحاڵ بوون. ئەمڕۆ ئێمە دەڵێین ئەمە هەیە." بەڵام سەبارەت بە بوونی زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە، ئێكەر پێی وایە پێویستی بە کاری بنەڕەتی و پراکتیکی هەیە، وەک بوونی مامۆستای پێویست. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی ئەو کەسانەی زمانی کوردی هەڵدەبژێرن وەک وانەی بژاردە کەمە و هیچ رێگرییەکیش لەبەردەم فێرکردنی منداڵ بە زمانی کوردی نییە.
لەبارەی دەستگیرکردنی مامۆستایەکی ئایینی بەهۆی خوێندنەوەی وتار بە کوردی، ئێكەر رایگەیاند، "بەڕاستی، لە رووی یاساییەوە، وەک من دەزانم، هیچ رێگرییەک نییە وتار بە کوردی نەدرێت." ئەو ئەم جۆرە رووداوانە دەخاتە ئەستۆی کەسانی "خاوەن دەسەڵات کە بەبێ یاسا و رێسا هەنگاو دەنێن." سەبارەت بە نەبوونی زمانی کوردی لە ماڵپەڕی دیانەت بۆ بڵاوکردنەوەی وتار بە زمانە جیاوازەکان، ئێكەر گوتی کە ئەو زانیارییەی نییە و بەدواداچوونی بۆ دەکات.
دەقی هەڤپەینی رووداو لەگەڵ مەهدی ئێکەر، وەزیری پێشووی کشتوکاڵ و خۆراکی تورکیا:
رووداو: بەڕێز ئێكەر، زۆر بەخێرهاتی. دەمەوێت راستەوخۆ لە دوایین هەنگاوەوە دەستپێبکەین؛ کۆمسیۆنی "رێککەوتنی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێنرا و ئەندامانی لە هەموو پارتەکان بەشدارن. کاری کۆمسیۆنەکە تاوەکو ئێستا چۆن دەبینیت؟
مەهدی ئێكەر: کارەکانی بەڕێوەدەچێت. مەبەست لەم کۆمسیۆنە ئەوەیە کە ئەندامەکانی، نوێنەرایەتیی زیاتر لە 90%ـی گەل دەکەن، لەوێ گوێ لە یەکتر دەگرن. هەروەها گوێ لە کەسانی دەرەوەش دەگرن - چ لە بوروکراسییەت، چ لە ئەکادیمیا، یان ئەو کەسانەی کە بیروڕایان لەم بوارەدا هەیە. ئامانج ئەوەیە کە مرۆڤ بۆچوونی خۆیان بۆ یەکتر باس بکەن، گوێ لە یەکتر بگرن.
کاتێک هەموو لایەنەکان گوێ لە یەکتر دەگرن و لە یەکتر تێدەگەن، بیرێکی هاوبەش و ئامانجێکی هاوبەش دروست دەبێت. ئامانج ئەوەیە، نەک بڵێین، ئەوان بڕیار دەدەن. بەڵام سوود و قازانجی چییە؟ قازانجی ئەوەیە کە ئەم ئەندامانە نوێنەرایەتیی زیاتر لە 90%ـی پەرلەمانی تورکیا دەکەن. لە هەنگاوەکانی داهاتوودا، کاتێک بڕیارەکان دەدرێن، ئەوان پارتەکانی خۆیان ئاگادار دەکەنەوە. پێیان دەڵێن، چ گفتوگۆیەک کراوە و چ تێگەیشتنێک دروست بووە. بەم شێوەیە ئەمە دەبێتە کارێکی سوودبەخش بۆ یاسا نوێیەکان کە دەردەچن. نەک ئەوان ئەمڕۆ دابنیشن و بە تەنیا بڕیار بدەن. ئەم کۆمسیۆنە بۆ ئەوە نییە. ئەم کۆمسیۆنە بۆ ئەوەیە کە بە قوڵی لەسەر ئەم بابەتە بیر بکەنەوە، پرسیار بکەن، وەڵام وەرگرن و لە کۆتاییدا تێگەیشتنێکی هاوبەش دروست بێت.
رووداو: بەڵام هیچ نەخشەڕێگەیەک دانەنراوە؟ ئایا کەی کۆتایی بە پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە دێت و پەکەکە کەی بە تەواوی چەک دادەنێت؟
مەهدی ئێكەر: ئەمە پڕۆسەیەک نییە کە بڵێین بەیانی کۆتایی دێت. لێرەدا هەنگاوی گرنگ و بنەڕەتی دانانی چەکەکانە. دانانی چەک سیمبولییە. واتای دانانی چەک ئەوەیە: 'من چیتر چەک لە دژی تۆ بەکار ناهێنم. نییەتی من ئەوە نییە تۆ بکوژم.' باشە، نییەتی من چییە؟ نییەتی من ئەوەیە گوێ لە یەکتر بگرین و بڵێین چیمان دەوێت؛ تۆ چیت دەوێت، من چیم دەوێت. ناگوترێت کە ئەو شتانەی تۆ دەتەوێت هەموویان راستن و ناگوترێت کە ئەو شتانەی من دەیانڵێم هەموویان راستن. ئێمە لێرەدا دەست بە دانوستاندن دەکەین. واتە لایەنی بەرامبەر چی دەوێت، دەوڵەت لە لایەک و ئەوانیش لە لایەک دادەنیشن.
لەناو ئەواندا پەرلەمانتار هەن. شتێکی باشی ئەم پڕۆسەیە ئەوەیە، لە دەستی پەرلەماندایە و بە دەستی پەرلەمانتاران ئەم پڕۆسەیە بەرەوپێش دەچێت. کاتێک بەرەوپێش دەچێت، پەرلەمانتاران پەیوەندییان لەگەڵ گەلدا هەیە، هەم بیروڕا لەوان وەردەگرن و هەم بیروڕاکانی خۆشیان دەدەن بەوان. هەم زانیاری لەوان وەردەگرن، هەم زانیارییان دەدەنێ. یەکێک لەوانە ئەمەیە. ئەوەی دیکە، ئەمانە هەموویان نوێنەرایەتیی شتێک دەکەن. هەر یەکەیان خاوەنی پارتێکە.
لە ئەنجامدا بڕیار دەدرێت کە چ هەنگاوێک دەبێت بنرێت؛ لە رووی دیموکراسییەوە، لە رووی ماف و یاساوە، لە رووی پەروەردەوە و لە رووی بوارەکانی دیکەی کۆمەڵایەتییەوە چ پرسیارێک هەیە. ئەگەر بە وردی مامەڵە بکرێت و پێش ئەوەی لایەنەکان بەپێی پێویست یەکتر تێبگەن بڕیار بدرێت، لەوانەیە ئەو بڕیارانە مرۆڤ سبەی بخەنە رێگایەکی دیکەوە و ئەم پڕۆسەیە ئیفلیج بێت. ئێمە ئەمەمان ناوێت. ئێمە دەمانەوێت بە سەبر و بە وریایی، بە بڕیارداری و بە زاناییەوە بەرەو پێش بچین و ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات دروست دەبێت. واتە پێویست ناکات مرۆڤ زۆر پەلە بکات.
رووداو: ئێستا هەردوو لایەن کەمێک نییەتی یەکتر تێدەگەن، وانییە؟
مەهدی ئێكەر: دوو شتی سادە و روون هەن. یەکەم؛ چەک نییە، واتە کوشتن و لێدان و پێکدادان نییە. ئەمەش ئاسایش بە مرۆڤ دەدات. دووەمیش؛ پرسیارەکانمان چین؟ دەبێت ئەم پرسیارانەمان رووبەڕوو، بە زیادکردنی پەیوەندییەکانمان و بە باش تێگەیشتنی یەکتر، ئەم پرسیارانە بە رێگەیەکی دیموکراسی چارەسەر بکەین.
رووداو: ئەوکات بەڕێز ئێكەر، ئەو کەسانەی وەک نیشاندانی نیازپاکیی چەکەکانیان سووتاند، وادەردەکەوێت کە گەڕانەوەیان بۆ تورکیا هێشتا دوورە.
مەهدی ئێكەر: مەسەلە سێ کڵاشینکۆف نییە. ئەم مەسەلەیە زیاتر لە چل ساڵە. لەم ماوەیەدا چەک، بۆمب، تەقینەوە و زۆر شتی دیکە روویان داوە و رێکخراوێکی گەورەش پێکهاتووە. کەسانی پسپۆری دەوڵەت لەسەر ئەم بابەتانە کار دەکەن.
رووداو: واتە ئەو پڕۆسەیە ئێستا بەڕێوەدەچێت؟
مەهدی ئێكەر: بەڵێ، بەڕاستی، بەڵام بە شێوەیەکی ئاشکرا نا، چونکە شێوازی وا نییە و رێگەیەکی دروستیش نییە، چونکە ئەوانەی دەزانن و ئەوانەی نازانن لەوانەیە هەموو کەسێک شتێک بڵێت و پڕۆسەکە تێکبچێت. ئامانج ئەوەیە کە بە ئارامی و بە ئاسانی و ئەگەر ئیرادەی مرۆڤ هەبێت، ئێمە دەگەینە ئەنجامێکی باش، ئینشائەڵڵا.
رووداو: کورد دەڵێن ئێمە هەموو لەگەڵیدا نین. زۆربەی کورد دەڵێن، "ئێمە پشتگیری دەکەین کە پەکەکە چیتر چەک دانێت و شەڕ نەمێنێت" چونکە بەو بڕوایەن کە چیتر بە شەڕ ئەم دۆزە ناگاتە هیچ شوێنێک، بەڵام دەڵێن، "ئایا دوای ئەمە ئێمە وەک کورد چی بەدەست دەهێنین؟ ئایا لە دەستووردا پێناسەی ئێمە وەک کورد دەبێت یان نا؟"
مەهدی ئێكەر: ئەم باسە هەمووی لە رۆژانی داهاتوودا لە رۆژەڤدایە. هەنگاو بە هەنگاو، ئەم بابەتانە تاوتوێ دەکرێن؛ پێویستی بە چی هەیە، چی نییە. واتە منیش نازانم، ئەمڕۆ هیچ کەسێک نازانێت. هیچ کەسێک نییە کە بتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، کاتێک پڕۆسەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەڕوات، ئێمە دەیبینین. لە سەرەتادا بە سووتاندنی سێ کڵاشینکۆف تەنها چەک دانەنراوە، کۆتایی نەهاتووە. بەڵام نیاز باشە، ئامانج باشە. ئەم پڕۆسەیە لە ڕێچکەی خۆیدا بە باشی دەڕوات، چونکە ئەگەر ئیرادە و نیاز باش بێت، ئێمە هیوادارین. بەڵام ئەگەر مرۆڤ لەم شتانەدا زۆر پەلە بکات، مرۆڤ کەمێک پەلە بکات، لەوانەیە شتەکان پێکبچن پێش ئەوەی تۆ بۆ ئەوە ئامادە بیت.
رووداو: توركیا بۆ گۆڕانكارییەكی دەستووری ئامادەیە؟
مەهدی ئێكەر: بۆ گۆڕینی دەستوور، پێویستە رێککەوتنێکی بەرفراوان هەبێت، بە رای گەل بێت. ئەگەر بە ڕێگەی گشتی نەبێت، ئەم شتە نابێت. لەبەر ئەوە، پێویستە لە پەرلەماندا، لە کۆمسیۆنەکەدا، بیرێکی وا دروست بێت. دەگوترێت دوو لەسەر سێ (2/3) بێت، بڕیار دەدرێت. پاشان ئەوان دەچن بە پارتەکانی خۆیان دەڵێن. ئەم بابەتە لە پارتەکانیاندا تاوتوێ دەکرێت، پاشان دێتە پەرلەمان.
لە پەرلەماندا ئەمە شێوە دەگرێت و دەبێتە بڕیار. ئەگەر نەوەد لەسەدی پەرلەمان قبووڵی بکات، ئەوکاتە لەناو پەرلەماندا ئەمە دروست دەبێت. واتە ناهێڵن بگاتە هەڵبژاردن یان بچێتە سەر سندوقی دەنگدان. لەوانەیە پێویست نەکات و لەناو پەرلەماندا ئەو بڕیارە بدرێت.
رووداو: ئاكپارتی كۆمسیۆنێكی لە یازدە كەس ئامادەكردبوو – ئەگەر هەڵە نەبم – بۆ دەستوور؟
مەهدی ئێكەر: ئاكپارتی، ئەو کاتە کەمێک کاری لەسەر دەستوور کردبوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. پارتەکەی ئێمە لە سەرەتاوە دەڵێت کە ئەم دەستووری ساڵی 1982 دەبێت بگۆڕدرێت. بەم دەستوورە ناڕوات. بەڵام ئەو شتەی کە ئێمە دەیڵێین و ئەو شتەی کە پارتەکانی دیکە دەیڵێن، ئەمانە لە یەک جیاوازن.
پێویستە بە شێوەیەک بگەینە یەکتر. ئەگەر بە زۆرینە دروست نەبێت، تێکدەچێت، سەرکەوتوو نابێت. لەبەر ئەوە، ئەو رێککەوتنە (موتەباقەت) زۆر گرنگە. ئەگەر رێککەوتبن، واتە هەموو لایەنەکانی ناو پەرلەمان لەسەر رێککەوتبن، ئەوکاتە شتێکی بنەڕەتی دەنووسرێت. ئەمڕۆ ئەم شتانە کەمێک وردەکاریین. لە رۆژانی داهاتوودا ئەمە دەگۆڕدرێت. چەند پێشنیازێک کران، بەڵام ئەمڕۆ شتە کۆنکرێتییەکان هێشتا دەرنەکەوتوون.
رووداو: دەمەوێت پرسیارێكی دیکەیشم دەربارەی زمان بێت، زمانی كوردی، چونكە لە راپرسییەكاندا زۆربەی كورد گوتوویانە یەكێك لە هەنگاوە گرنگەكان، كە ئەوان لە چاوەڕوانیدان ئەوەیە زمانی كوردی ببێتە زمانی پەروەردە.
مەهدی ئێكەر: زمانی کوردی لە پەروەردەدا وەک وانەیەکی بژاردە هەیە. لە زانکۆکانیشدا پەروەردە ئازادە، بەشەکانی کوردۆلۆژی هەن. لە ئاستی لیسانسیشدا ئەمە هەیە. پێشتر ئەم شتانە مەحاڵ بوون. ئەمڕۆ ئێمە دەڵێین ئەمە هەیە. بۆ پەروەردە بە زمانی دایک، هەندێک کاری بنەڕەتی پێویستە. پێویستی بە پراکتیک هەیە. بۆ نموونە، مامۆستا هەن؟ چەند مامۆستا هەن کە بتوانن بەم زمانە پەروەردە بکەن؟
ئەم کارانە تەکنیکین. ئەمە بەپێی پێویستییەکان دروست دەبێت. واتە رۆژ بە رۆژ. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی وانەکاندا، لە سی-چل هەزار کەس، تەنها چەند هەزار کەس زمانی کوردی هەڵدەبژێرن. ئەم ژمارەیە زۆر کەمە. واتە هیچ رێگرییەک لەبەردەم ئەو کەسەدا نییە کە بیەوێت منداڵەکەی بە زمانی کوردی، زمانی دایک فێر بکات.
رووداو: بۆ فێربوون هیچ لەمپەرێك نییە، بەڵام كاتێك ببێتە زمانی پەروەردە، ئیتر ئەوە باسێكی دیکەیە، چونكە خەڵك دەڵێت، "بۆ نموونە، ئەو منداڵەی بە كوردی بخوێنێت، پاشان دەبێتە چی؟ چۆن دادەمەزرێت؟" ئەمانە هەموو... وەك بنەما، لەناو ئاكپارتیدا لە دژی ئەمە ناڕەزایەتی هەیە؟
مەهدی ئێكەر: لەناو ئاکپارتیدا کەسانی وا هەن، کە لەسەر ئەم باسە بیر دەکەنەوە. لە رۆژەڤیاندا لە زەینیاندا، ئەم پرسیارانە هەن. لە کاتەکانی داهاتوودا، ئەمە باس و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و لە ئەنجامدا بڕیار دەدرێت.
رووداو: باسمان لە زمانی کوردی کرد، مامۆستایەکی ئایینی، خەڵکی جوڵەمێرگ (هەکاری)، بەهۆی ئەوەی رۆژی هەینی وتاری بە کوردی خوێندبوو، دەستگیر کرابوو. زوو دەستگیر کرابوو بەڵام دوێنێ-پێرێ ئازادیان کرد و خستیانە زیندانی ماڵەوە. ئەو هەژارە ئیتر زۆر بێتاقەت و پیر بووە.
مەهدی ئێكەر: بەڕاستی، لە رووی یاساییەوە، وەک من دەزانم، هیچ رێگرییەک نییە وتار بە کوردی نەدرێت. نازانم بۆچی شتی وا روو دەدەن. هەندێک جار کەسانێک هەن کە دەڵێین، بە تەنیا خۆیان شت دەکەن. لە شوێنێکدا یەکێک کە خاوەنی دەسەڵاتە، بەبێ یاسا و رێسا هەنگاوێک دەنێت و شتێک دەکات. ئەوەش شتێکی هەڵەیە و پاشان لێی پاشگەز دەبێتەوە. وەک من دەزانم، هیچ رێگرییەک نییە. لە بنەڕەتدا وتار بە زمانی عەرەبییە؛ تۆ ئایەتەکان دەخوێنیت، فەرموودەکان دەخوێنیت، سەڵاوات دەدەیت. ئەمە بە عەرەبییە، نەک بە تورکی.
رووداو: بەڵام دیانەت لە ماڵپەڕەكەیدا بە حەوت زمان هەموو هەفتەیەك وتار بڵاودەكاتەوە. دەتوانن بە حەوت زمان بڵاوی بكەنەوە؛ ئیسپانی تیایەتی، ئیتاڵی تیایەتی، زۆر زمانی بیانی تیایەتی بەڵام كوردی تیای نییە.
مەهدی ئێكەر: من ئەم زانیارییە نازانم. دەبێت پرسیار بکەم. وەک من دەزانم، هیچ رێگرییەک لەسەر خوێندنی وتاری بە کوردی نییە.
رووداو: مەبەستم ئەوەیە لە ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتیی دیانەتدا نییە. بۆ نموونە، ئەو دەڵێت ئێوە دەتوانن بەو زمانانە بیدەن بەڵام ناڵێت بە کوردی.
مەهدی ئێكەر: من لەسەر ئەو بابەتە دەڕوانم، من پرسیار دەکەم.
رووداو: رێگریی نییە، مەلایەک کە بیەوێت دەتوانێت بە کوردی وتار بدات؟
مەهدی ئێكەر: وتار دەخوێنیت، جەماعەتەکەت هەموویان کوردن و تورکی نازانن، یان بە زمانێکی دیکە... ئیتر دەبێت تۆ چی بکەیت؟ پێشتر، با بڵێین چل ساڵ پێش ئێستا، راستە لەو سەردەمەی کە سەرباز هاتبوو، ئەم شتانە قەدەغە دەکران. لە سەردەمی ئیدارەی ئاکپارتیدا زۆر رێگری لابران. پێشتر مرۆڤ لە زیندانەکاندا لەگەڵ منداڵەکانیشی نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکات. ئێمە ئەوەمان لابرد.
رووداو: من ناڕەزایەتی خەڵک لە دژی ئەو یەکەمە دەڵێم. راستە لەوانەیە لە پراکتیکدا بە کوردی وتار بدرێت بەڵام بۆچی دیانەت زمانی کوردی ناخاتە ناو ئەو زمانانەی دیکەوە؟ مەبەست ئەمەیە.
مەهدی ئێكەر: نازانم، من لەسەر ئەوەش دەڕوانم. بە دڵنیاییەوە لەسەر ئەوە دەوەستم.
رووداو: بۆ نموونە زیندانیانی سیاسی. کەسێک وەک دیمیرتاش... چەند رۆژێک لەمەوبەر بەڕێز بولەند ئارینچیش لە وتارێکیدا باسی کرد و گوتی، 'دەبێت کەسێک وەک دیمیرتاش ئیتر لە زینداندا نەبێت.' کەی ئەو کەسانەی کە بیروڕای خۆیان گوتووە ئازاد دەکرێن؟
مەهدی ئێكەر: ئەوە لە دەستی دادگایە، لە پڕۆسەی دادوەرییدایە و بەپێی ئەو پڕۆسەیە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. نەک تەنها ئەو، زۆر کەسی وەک ئەو هەن کە لە زینداندان؛ یان تاوانبارکراون، یان دەستگیرکراون. ئەمە کاری من نییە، کار و ئیشی من نییە.
رووداو: بەڵام وەک نیازێکی باش، ئایا ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی ناچێتە ناو ئەم پڕۆسەیەوە؟
مەهدی ئێكەر: لەسەر مەرجەکانی دیموکراسی، ئەگەر لە یاسادا رێگرییەک هەبێت، سیاسەت ئەو رێگرییە لەناو دەبات. سیاسەت ئەمەیە. بەڵام سیاسەت ناچێتە جێگەی یاسا و بڕیار نادات. ئەوە دیموکراسی نییە.

